رووداو دیجیتاڵ
سێنتکۆم دەڵێت، هێزەکانیان چەند پێگەیەکی داعشیان لە سووریا کردووەتە ئامانج و 35 ئەندامی ئەو رێکخراوەیان کوشتووە. هەروەها دەڵێت، ئەم هێرشانە بۆ پەکخستنی تواناکانی رێکخراوەکەیە.
رۆژی چوارشەممە 30-10-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە "هێزەکانی سێنتکۆم زنجیرەیەک هێرشیان لە دژی چەند پێگەیەکی ناسراوی داعش لە سووریا کرد. هێرشەکان لە 28ـی ئۆکتۆبەر کران و لە ئەنجامدا 35 ئەندامی داعش کوژران."
سێنتکۆم هەروەها رایگەیاند، هێرشەکان لە چەند ناوچەیەکی بیابانی سووریا کران و تێیاندا چەندین سەرکردەی داعش کرانە ئامانج.
راگەیێندراوەکە باسی ئەوەشی کردووە، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە خەڵکی سڤیل بەر هێرشەکان کەوتبن."
لەبارەی مەبەست و ئامانجی هێرشەکە سێنتکۆم رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانە دەبنە هۆی پەکخستنی توانای داعش بۆ "پلاندانان، رێکخستن و هێرش لە دژی خەڵکی سڤیل، هاوپەیمانە ئەمریکییەکان و هاوبەشەکانی دیکە لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە."
سێنتکۆم لە کۆتاییدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە، بە تووندی بەردەوام دەبن لە کەمکردنەوەی تواناکانی داعش بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی بە بەزیوی دەمێننەوە.
داعش کە کورتکراوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ـە، لە ساڵی 2014 شاڵاوێکی گەورەی پڕ لە کوشتوبڕی دەستپێکرد و لە لووتکەی بەهێزیی خۆیدا، رووبەرێکی فراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵکرد، کە هێندەی نیوەی رووبەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بوو.
هەمان ساڵ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات بە سەرکردایەتیی ئەمریکا پێکهێندرا بۆ ئەوەی لە بەزاندنی داعش یارمەتیی هێزە خۆجێییەکان بدات. ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا سەرکەوتن بەسەر داعشدا راگەیێندرا.
بەڵام چەکدارە بەجێماوەکانی رێکخراوە پەڕگیرەکە لە بیابانەکانی عێراق و سووریا بەردەوامن لە جموجۆڵ، لەکاتێکدا رێکخراوەکە بەرپرسیاریێتی بەشێکی ئەو هێرشانە لە ئەستۆدەگرێت، کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەکرێن.
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا؛ داعش بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 153 هێرش لە عێراق و سووریا راگەیاندبوو؛ لە تەواوی ساڵی 2023 بەرپرسیاریێتی لە 121 هێرش راگەیاندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ