نادیە موراد: بە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی، شەش ژنی دیکەی ئێزدی رزگارکران

03-06-2023
نیشانەکردن کوردی ئێزدی داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی و دامەزرێنەری رێکخراوی 'دەستپێشخەریی نادیە' رایگەیاند، بە هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان توانرا شەش ژنی دیکەی ئێزدی رزگاربکرێن.
 
نادیە موراد لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە کە "ژنە رزگارکراوەکان کاتێک لە 2014 لەلایەن داعشەوە بەدیل گیران، هێشتا منداڵ یان مێرمنداڵ بوون و، لە عێراقەوە براونەتە سووریا و بەیانی (ـی ئەمڕۆ) رۆژی شەممە رزگارکران".
 
بەگوێرەی تویتەکەی نادیە موراد، شەش ژنە رزگارکراوەکە، دەگەڕێندرێنەوە هەولێر و لەوێوە بە کەسوکاریان شاد دەکرێنەوە، هەموو پاڵپشتییەکی دەروونی و کۆمەڵاتییان بۆ دابین دەکرێت.
 
نادیە موراد دەڵێت، "هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە، ئەستەم بوو ئەو ژنە ئێزدییانە رزگار بکرێن".
 
لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نادیە موراد دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی بە کردنەوەی ئۆفیسێک بۆ رزگارکردنی ژن و کچە ئێزدییە رفێندراوەکان، هاوکار بووە لەوەی زۆر لە بەدیلگیراوان لە دەستی داعش رزگاربکرێن".

 

نادیە موراد سوپاسی "پاڵپشتیی بەرپرسانی تورکیا"ـش دەکات و، دەڵێت "رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە گەڕاندنەوەی ژنەکان بۆ ناوچەی سەلامەت".

 
نادیە موراد ئاماژەی بەوەکردووە، "رزگارکردنی ژن و منداڵانی ئێزدی لە دەستی داعش، هەڵمەتێکی مرۆیی بەردەوامە و ئاشناکردنەوەی ئەو 6 ژنەش بە ماڵباتەکانیان دوای نزیکەی 9 ساڵ، هیوامان پێدەدات کە دەتوانین کەسانی زیاتر رزگاربکەین".
 
باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت "بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوای ئەو ژن و منداڵانەی هێشتا بێسەروشوێنن، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوکاریمان لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کردووە".
 
بەگوێرەی داتاکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفاند؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێر بوون. لەوانەش، سێ هەزار و 562 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 693 رفێندراوی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن.
 
دوای رزگارکردنی ئەو شەش ژنە، ئێستا ژمارەی رزگارکراوان بۆ 568 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بێسەروشوێنبووانیش بۆ 687 کەس کەمبووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە