رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 600 کەس بۆ کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بانگهێشتکرابوون، بەڵام تەنیا 90٪یان بەشداربوون. هیچ لایەنێکی سیاسیی کوردی لە کۆنگرەکەدا بەشداری نەکرد، چونکە بانگهێشتنامە وەکو لایەنی سیاسی، بۆ هیچ لایەنێکیان نەنێردرابوو.
حەسەن دغێم، بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا دەڵێت: "بانگهێشتەکە بە درەنگی نێردرا، دەبوو زووتر بمان ناردایە، بەڵام %90 خەڵک ئامادەبوون وەکو لەم شوێنە دیارە ئێستا من لێرە گەڕام هەموو پێکهاتەکانم بینی چ عەرەب چ کورد و تورکمان کەسایەتییەکانی ئایینی و کریستیان، گوتەی دوورخستنەوە لە شوێنی خۆیدا نییە".
لە پارێزگای حەسەکە 25 کەس لە نەتەوەی عەرەب بانگهێشت کرابوون و پشکی کوردەکان بە جیاوازی لەسەر ئاستی سووریا دیاری کرابوون. ئەو کەسانەی لە پارێزگای حەسەکە بەشداربوون، خۆیان بە نوێنەری ئەو پارێزگایە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دەبینن و بە ناوی کوردیشەوە قسە دەکەن.
مودەر ئەسعەد، سەرۆک هۆزە و باس لەوە دەکات: "ئێمە هاتووین بۆ ئەم کۆنگرەیە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی پارێزگای حەسەکە بکەین، ئێمە نوێنەرایەتیی کەسانی ئازاد لە حەسەکە دەکەین، نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆمان لە کورد و عەرەب و مەسیحی و تورکمان دەکەین، ئێمە نوێنەرایەتیی هۆزەکانی کورد و عەرەب دەکەین، لەبەر ئەوە ئێمە هاتووین تاکو خەمی خەڵکی حەسەکە نیشان بدەین".
هەرچەندە کورد دووەمین نەتەوەیە لە سووریا و خاوەنی بزووتنەوەیەکی سیاسییە و نوێنەرایەتیی رێژەی هەرە زۆری کورد دەکات، بەڵام بەشداری لە کۆنگرەکەدا نەکرد. تەنیا چەند کەسێک دوور لە بزووتنەوەی سیاسی بەشداربوون.
35 حیزب لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنەی تووند لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەگرن و دەڵێن: "ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە هیچ سوودێکی نابێت."
ئەو 35 حیزبانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبارەی کۆنگرەکەوە، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە هیچ واتا و نرخێکی نییە و هیچ سوودێکی لێ وەرناگیرێت و رێگە بۆ چارەسەرێکی راستەقینەی ئاڵۆزیی وڵات دروست ناکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ