گۆتێرێز هۆشداری لە پارچەبوونی سووریا دەدات

22-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە وڵاتان کرد سزاکانیان لەسەر سووریا هەڵبگرن، هۆشداریشی لە "مەترسیی پارچەبوون و بڵاوبوونەوەی تووندڕەوی لە بەشێکی سووریا" دا. 
 
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2025) لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس، گوتارێکی پێشکێشکرد و داوای لە دەسەڵاتداری نوێی سووریا کرد کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان. 
 
سکرتێری گشتیی یوئێن گوتی "هێشتا مەترسییەکی بەهێزی پارچەبوون و بڵاوبوونەوەی تووندڕەویمان لە لانیکەم لە بەشێکی خاکی سووریادا هەیە." 
 
گۆتێرێز داوای لە وڵاتان کرد سزاکانیان لەسەر سووریا هەڵبگرن، تاوەکو دەسەڵاتدارانی نوێ بتوانن قۆناخی راگوزەر بەسەرکەوتوویی دەرباز بکەن، بەڵام گوتیشی "دەبێت دەسەڵاتدارانی نوێ بیسەلمێنن نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان دەکەن. "
 
رۆژی چوارشەممە، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا کۆببنەوە، بەهیوای ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی سیاسیی بۆ هەڵگرتنی هەندێ لە سزاکانی ئەورووپا لەسەر سووریا. 
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای کرد و گوتی "پێموایە سووریا پرسێکی گەورەیە. ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە قسەی باش دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هێشتا حکومەتێکە نوێنەرایەتیی ئەوانە دەکات کە لە ئیدلیب هەبوو، لەگەڵ مێژوویەکیش کە زەحمەتە لە گرووپی ئاوازدانەرەکانی کەنیسەدا بیاندۆزیتەوە، بۆیە هێشتا پرسیار زۆر هەن و هەندێ کردەوە و لێبووردەییمان بینیوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە