وەزیری بەرگریی سووریا: دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ هەسەدە واڵایە، بەڵام ئامادەشین هێز بەکاربهێنین

22-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی سووریا، لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزە فەرمییەکانی سووریا و چەکدانانیان، رایگەیاند ئەوان ئامادەن لەگەڵ کورد لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکەن، بەڵام رەتیشی نەکردەوە لە ئەگەری شکستهێنانی گفتوگۆکان، هێز بەکارنەهێنن. 
 
رۆژی چوارشەممە (22ـی کانوونی دووەمی 2025) مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەڤانانی بیانی لە دیمەشق، رایگەیاند "ئێستا دەرگەی گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە کراوەیە، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد هێز بەکاربهێنین، ئامادەین." 
 
مانگی رابردوو، بەرپرسانی هەسەدە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش، شەرع بە میدیای عەرەبیی راگەیاندبوو، پێویستە هەسەدە تێکەڵی سوپا نوێی سووریا بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا "دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت." 
 
هەسەدە هاوپەیمانی سەرەکیی ‌هێزەکانی ئەمریکایە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە شەڕی دژی داعش.
 
زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی کەوتوونەتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا تەنیا کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانیان ناوێت.
 
وەزیری بەرگریی سووریا لەوبارەیەوە، دەڵێت "ئەوان [هەسەدە]، نەوتەکەیان داینێ، بەڵام ئێمە نەوتمان ناوێت، ئێمە دامودەزگە و سنوورەکانمان دەوێت." 
 
وەزیری بەرگریی سووریا رۆژی سێشەممە (21-01-2025) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە دۆسیەی هەسەدە دەڵێت: "دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پەیوەندیی بە سەرۆکایەتییەوە هەیە. سەرۆکایەتیی ئێستا کەناڵێکی دانوستاندنی هەیە. هەر رێنماییەکمان لە سەرۆکایەتییەوە لەبارەی ئەو دۆسیەوە بۆ بێت ئێمە ئامادەین."
 
مەرهەف ئەبوقەسرە رەتیکردەوە هێزیان لە دژی هەسەدە جوڵاندبێت و گوتی "ئەم بابەتە بەمشێوەیە نییە، هەندێکجار هەواڵ لە کەناڵی جیاواز بڵاودەکرێتەوە. ئێمە لە وەزارەتی بەرگریی، پابەندین بە بڕیاری سەرۆکایەتی."
 
سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی هەسەدە، وەزیری بەرگریی سووریا گوتی "تائێستا هیچ رێنماییەکی سەرۆکایەتیمان بۆ نەهاتووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئامادە نین چەک رادەست بکەن یان هێزەکەیان هەڵبووەشێننەوە، بەڵام دەکرێت گفتوگۆ لەبارەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ پێکهاتەی نوێی سوپای سووریا بکەن. 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە، هۆشداریشی دا هەر رێکارێکی دیکە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە بواری سەربازییەوە، کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤیدیۆکە: زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو وردەکاریی کۆنفرانسەکە باس دەکات

راگەیێندراوی کۆنفرانسی پاریس: پێویستە هەموو لایەنەکانی سووریا بەشداریی کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی بکەن

بە بەشداریی 20 وڵات و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی، کۆنفرانسی پاریس تایبەت بە سووریا بەڕێوەچوو. سەرۆکی فەرەنسا پاراستنی ئاسایشی سووریای بە گەورەترین ئاڵنگاری لە سووریا دانا و ستایشی کوردی رۆژئاوای کوردستانی کرد. لە راگەیێندراوی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، پێویستە هەموو لایەنەکان بەشداری کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سووریا بکەن و دەبێت بەزووترین کاتیش وادەیەک بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک دیاریبکرێت.