ئەحمەد شەرع: مووچە 400% زیادبکرێت و سەربازیی ناچاری نەمێنێت

15-12-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، پێداچوونەوە بە بەرزکردنەوەی مووچە بۆ 400% دەکەن و گوتیشی، "سەربازیی ناچاری نامێنێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، سەربازیی ناچاری لە نێو سوپادا نامێنێت، تەنیا هەندێ پسپۆڕی نەبێت کە ناچاری دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.
 
ئەحمەد شەرع، پێنج بڕیاری دەرکردووە، یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان نۆژەنکردنەوەی خانووە وێرانکراوەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان.
 
فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام، جەختی لە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان کردووەتەوە و دەڵێت، "دەبێ چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت دا بێت".
 
رۆژی شەممە، 14-12-2024، رۆژنامەڤانێک لە ڤیدیۆیەکدا لەبارەی کوردەوە پرسیاری لە ئەحمەد شەرع کرد و پرسی، "بەڕێز ئەحمەد شەرع، چی دەڵێیت و پەیامت چییە بۆ سوورییەکان، بۆ کورد و هاوبەشانی نیشتمانیی سووریا؟".
 
ئەحمەد شەرع لە وەڵامدا گوتی، "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت".
 
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەکرد، "سوپاس بۆ خوا بە لادانی رژێم ئەو ستەمە نەما کە لێمان دەکرا، پشت بەخوا، سووریای داهاتوو کورد تێیدا هاوبەشی سەرەکی دەبێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەستپێدەکات".
 
ئەو رۆژنامەڤانە لەبارەی ئاوارەکانی عەفرینەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع کرد. ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "هەوڵدەدەین ئاوارەکانی عەفرین بگەڕێنەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە