ژیانی دوای ئەسەد لە دیمەشق؛ منداڵان بە ئومێدن رۆژانێکی خۆشتر چاوەڕێیان بکات

12-12-2024
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
لە نێو دیمەشق، منداڵان لەسەر ئەو تانک و زرێپۆشانەی سوپاکەی ئەسەد یاری دەکەن کە رۆژێک نەک منداڵان، گەورەکانیش لێیان تۆقیبوون
لە نێو دیمەشق، منداڵان لەسەر ئەو تانک و زرێپۆشانەی سوپاکەی ئەسەد یاری دەکەن کە رۆژێک نەک منداڵان، گەورەکانیش لێیان تۆقیبوون
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە نێو دیمەشق، منداڵان لەسەر ئەو تانک و زرێپۆشانەی سوپاکەی ئەسەد یاری دەکەن کە رۆژێک نەک منداڵان، گەورەکانیش لێیان تۆقیبوون، ئێستا سەردەمێکی نوێیە لە وڵاتەکە و خەڵکیش بە هیوای رەنگدانەوەی ئەو سەردەمە نوێیەن. 
 
سوپا و حکومەتی ئەسەد نەماون، بەڵام هێشتا شەقامەکانی دیمەشق پڕن لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکە قورسەکان. خەڵک بە ئومێدی ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، ژیانی رۆژانەیان بەڕێدەکەن، هێشتا نە بازاڕەکان بەتەواوی کراونەتەوە، نە دەرگەی قوتابخانەکان. 
 
یەحیا زعبی، دانیشتووی دیمەشقە و پێی گوتین، "ئێمە هیوامان وایە دۆخەکە ئاسایی بێتەوە، هەموو شتێک جێگیر بێت، خەڵک بگەڕێتەوە سەر کار، دووکان و ناوەندەکان بکرێنەوە، ئەوانەی پەیوەندییان بە خۆراکەوەیە، نانەواخانەکان بکرێنەوە کە پێشتر شام بەکاریانی دەهێنا، دەخوازین ژیان بگەڕێتەوە بۆ پێش قەیرانەکان." 
 
کاتێک لەسەر شەقامەکانی دیمەشق بووین، جاسم سەلجەمان بینی، ئەو قوتابییە و کاتێک لێمان پرسی لە پۆلی چەند دەخوێنێت، گوتی پۆلی چوارە، بەڵام قوتابخانە دەستی پێنەکردووەتەوە، "خوداش دەزانێت" کەی دەستپێدەکاتەوە. 
 
ئەو منداڵە ئومێدی هەیە کە رۆژانێکی باشتر چاوەڕوانی بکەن، کاتێک لێم پرسی دۆخەکە چۆنە ئێستا؟ گوتی، "سوپاس بۆ خوا زۆر باشە." 
 
چوومە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمە یەکەم جارە بەم شێوەیە و لە نزیکەوە لەنێو فڕۆکەخانەکە تۆماردەکرێن. 
 
ژمارەیەک فڕۆکە زەبری بۆردوومانی دوو رۆژی رابردووی ئیسرائیلیان بەرکەوتووە، ئەوانی دیکەش هەر یەکەی لە لایەکەوە جێهێڵدراون.
 
سامر رازی، بەڕێوەبەری چاککردنەوەی هێڵی ئاسمانیی سووریا رایگەیاند، "بۆردوومانەکان کاریگەرییان لەسەر فڕۆکە مەدەنییەکانیش هەبووە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە بەپێی توانا کارەکان وردە وردە رێک بخەینەوە، بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکان، زیان بەر فڕۆکە و فڕۆکەخانە کەوتووە، بۆیە کارەکان وەستان، ئێستا دووبارە هاتووینەتەوە لەگەڵ گەنجەکان دەست پێ بکەینەوە." 
 
ئیدارەی کاروباری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیان بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە