رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەتیکردەوە بەنداوی تشرین کەوتبێتە دەستی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە ئەمڕۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە بە گوتەی خۆی، کاژێر 5:20 خوولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر دیواری بەنداوەکە تۆمارکراوە.
فەرهاد شامی دەڵێت: "ئەمڕۆ داگیرکاری تورک لە رێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە بانگەشەی ئەوەی کرد، گوایە ئەم ناوچەیە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی میلیشا بەکرێگیراوەکانی داگیرکاری تورک، بەڵام من ئێستا لەسەر دیواری بەنداوەکەم."
ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا ئەمڕۆ لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاویکردەوە گوایە بەنداوەکە لەگەڵ شاری منبج کەوتوونە دەستی سوپای نیشتمانیی سووریا، کە گرووپێکی چەکداری لایەنگریی تورکیایە و لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە چڕکردوونەتەوە.
بەڵام فەرهاد شامی دەڵێت: " ئەم ناوچەیە بە گوند و دەوروبەر و هەموو دامەزراوەکانییەوە لەم کاتەدا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبجدان کە سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکراتن."
Ferhad Şamî ji bendava Tişrînê idiayên dagirkeriya Tirk derew derxist û rewşa şer dinirxîne. pic.twitter.com/8ZQGcazoQA
— Farhad Shami (@farhad_shami) December 26, 2024
بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فورات دروستکراوە. بە دووری 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب.
گوتەبێژی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، لە ماوەی 25 رۆژی رابردوودا، شکستیان بە 20 هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هێناوە، " بۆیە راگەیێندراوە چەواشەکارەکانی تورکیا کە لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە دەردەکرێن لە چوارچێوەی جەنگی دەروونیدا دێن، بۆ ئەوەی ورەی بەکرێگیراوەکانی بەرزبکاتەوە کە ئێستا بێهیوابوون بوون لە ئەنجامی ئەو زیانە بەردەوامانەی بەر ریزەکانیان کەوتووە."
لەو ماوەیەدا، بە گوتەی فەرهاد شامی، "زیاتر لە 450" چەکداری لایەنگری تورکیا کوژراون "دەیان" تانک و زرێپۆشیان تێکشکێنراون.
رۆژی سێشەممە، هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی 16 شەڕڤانی خۆی "لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی داگیرکاری تورک و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا" راگەیاند.
فەرهاد شامی لە ڤیدیۆکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت: "تورکیا بە زیاتر لە 180 هێرشی ئاسمانی" بەنداوی تشرین و "دەوروبەری کردوونەتە ئامانج، ئەمە جگە لە هەزاران گوللـەتۆپ کە بەر ئەم ناوچەیە کەوتن و زیانی بەرفراوانی بە بەنداوەکە گەیاند."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و لە رێگەی تۆڕێک پەیامنێرەوە لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان چاودێریی دۆخەکە دەکات، ئەمڕۆ باسی لەوە کرد، بە بەکارهێنانی "چەکی قورس"، شەڕ لە نزیک بەنداوی تشرین بەردەوامە.
بە گوتەی رێکخراوەکە، هەسەدە پێشڕەویی کردووە و گوندێکی لە نزیک بەنداوەکە کۆنترۆڵکردووە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەمڕۆ 12 چەکداری لایەنگری تورکیا کوژراون و 3 شەڕڤانی هەسەدە برینداربوون، دوای ئەوەی کە هەسەدە بەرپەرچی "هەوڵێکی دزەکردنی گرووپە چەکدارەکان"ی دایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ