بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: ئەوەی لەبەرامبەر عەلەوییەکان دەکرێت خزمەتی داهاتووی سووریا ناکات

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی تەرتووس و گرژییەکانی ناوچەکە بڵاوکردەوە، تێیدا داوا دەکات رێگە نەدرێت هیچ چین و توێژێک بکرێنە ئامانج، چونکە ئەو کارانە دژی فرەییە لە سووریا.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 26ـی کانوونی دووەم) بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا گوتی ''لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی سووریا و دوای رووخانی رژێمی بەعس، پێویستە بە بیرکردنەوەیەکی نوێوە هەنگاو بۆ بونیاتنانی سووریای نوێ بنێین، یەکڕیزی و یەکێتیی گەلی سووریا پێویستییەکی مێژووییە بۆ گەشەپێدانی نموونەیەکی جیاواز لە بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت ''فرەیی لە نیشتمانە سوورییەکەماندا دەوڵەمەندە و بەهایەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتیی هەیە کە بەعس لێی زەوتکرد و نیشانەکانی سڕییەوە.'' 
 
لەبارەی رووداوەکانی ناوچەی تەرتووس و لازقییە لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ''ئەوەی لە کەنارەکانی سووریا بەرامبەر برایانی عەلەوی روودەدات، هەروەها چەند رۆژ لەمەوبەر سووتاندنی درەختی کریسمس لە حەما و حمس، نە لە بەرژەوەندیی سووریایە و نە لە بەرژەوەندیی داهاتووی سووریاشە''.
 
دوێنێ زۆربەی عەلەویییەکان لە شارەکانی تەرتووس، لازقیە، حەما، حمس و چەند ناوچەیەکی دیکەی سووریا لە دژی سووتاندنی مەزارگەیەکی کەسایەتییەکی عەلەوی لە شاری حمس خۆپێشاندانیان کرد. وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران چەند کارمەندێکیان کوژران.
 
دەقی بەشێکی دیکە لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر:
 
ئێمە، لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، جەخت لەوە دەکەینەوە پاراستنی فرەیی و فرەڕەنگی لە سووریا و دەستنەخستنە سەر هێما و دابونەریتەکان پێویستییەکی بەپەلەیە، بەڵکو پاراستنی ماف و ئەرکی سەرجەم پێکهاتە و رەنگەکان ئەرکێکی نیشتمانییە و نابێت دەست بۆی ببرێت.
 
هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە؛ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی رێبازێکی هەڵە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێکهاتەیەکی سووریا لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە، ئەنجامی نەرێنیی دەبێت و خزمەت بە سەقامگیریی سووریا ناکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکدادان و ململانێ، کە پێمانوایە مەترسییە لەسەر یەکێتیی سووریا. ئەمەش ئەو شتەیە ساڵانێکی درێژە خەباتی بۆ دەکەین لە رێگەی پەیڕەوکردنی رێبازەکەمان، کە لەسەر پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتی دامەزراوە، کە یەکێتی و یەکڕیزیی پێکهاتەکانە لەسەر بنەمای هاوبەشی و سەر بە خەباتێکی هاوبەش دژی ئەو پرۆژانەی ململانێ و ناکۆکی دەورووژێنن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە