رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوخۆی سووریا کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە هەبوو، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵ. شەڕ وایکرد ئابووریی سووریا داڕمێت و 90٪ـی هاووڵاتییانی لەخوار هێڵی هەژارییەوە بن. ئێستا چاوەکان لەسەر سیاسەتی حکومەتی راگوزەرە بۆ بەگەڕخستنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان.
لە کۆتایی ساڵی 2011ـەوە سووریا نەوتی هەناردە نەکردووە. ئەوکاتە سزا نێودەوڵەتییەکانی دژی سووریا چوونە واری جێبەجێکردنەوە. ئەمە سووریای لە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری وزەوە کردە وڵاتێکی پشتبەستوو بە هاوردە. مەبەستی سەرەکیش دابینکردنی کارەبا بوو.
پێش سزاکان، بەپێی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا، رووسیا رۆژانە 383 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. پێش شەڕی نێوخۆش رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهینا. بەپێی دامەزراوەی ئینێرجی ئینستیتوت (پەیمانگەی وزە)ـی بەریتانی، لە ساڵی رابردوودا سووریا رۆژانە 40 هەزار بەرمیلی لە بەرهەمە نەوتییەکان بەرهەمهێناوە.
بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە 8 ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجاوە لە ساڵی 2011ـەوە، بۆ 3 ملیار مەتر سێجا لە 2023 دابەزیوە. ئەمە بەپێی دامەزراوەی ئینێرجی ئینستیتوت و کۆمپانیای بریتش پێترۆلیومـی بەریتانی.
کۆمپانیاکانی شێڵی ئەمریکی و تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسی، دیارترین کۆمپانیای نێودەوڵەتیی بواری وزە بوون کە پێش شەڕی نێوخۆ لە سووریا کاریان دەکرد.
کێ کۆنترۆڵی کێڵگەکانی کردووە؟
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، زۆربەی ئەو 25٪ـەی سوریای کۆنترۆڵ کردووە کە رۆژهەڵاتی فورات دەگرێتەوە، لەنێویاندا رەققە و هەندێک لە گەورەترین ناوچەکانی ئەو وڵاتە لە کێڵگە نەوتییەکان، هەروەها هەندێک خاک لە رۆژئاوای رووبارەکە.
- بلۆکی 26 لەلایەن کۆمپانیای گەڵفساندس پێترۆلیومـی بەریتانییەوە بەڕێوەدەبرێت و کاری تێدا دەکرێت. بلۆکەکە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەهۆی سزاکانی بەریتانیاوە کارەکانی راگیراوە. کۆمپانیاکەش رایگەیاندووە، سامانەکانیان لە دۆخێکی باشدا ماونەتەوە و لەڕووی کارکردنەوە گونجاون، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان قۆناخی زۆرباشیان بڕیوە و ئامادەن دوای نەمانی سزاکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
- کۆمپانیای سەنکۆر ئینێرجی کەنەدی لە ساڵی 2011 کارەکانی لە سووریا راگرت. ئەو کۆمپانیایە کاری پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی "ئێبلا"ـی دەکرد لە "کێڵگەی گەورەی گازی نێوەڕاستی سووریا" کە رووبەرەکەی زیاترە لە 121 هەزار هێکتار زەوی [نزیکەی 1251 کیلۆمەتر چوارگۆشە]. بەرهەمی کێڵگە گازییەکە پێش شەڕی نێوخۆ رۆژانە 80 ملیۆن مەتر سێجا بوو. بەرهەمی کێڵگەی ئێبلاش رۆژانە هەزار بەرمیل نەوت بوو. بەهۆی شەڕەوە هەردووکیان راگیران.
لە ساڵی 2018ـدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر کۆمپانیای "ئێڤرۆ پۆلیس"ـی رووسیدا سەپاند و رایگەیاند، کۆمپانیاکە لەگەڵ حکومەتی سووریا رێککەوتووە کێڵگە نەوتی و گازییەکان بپارێزێت، لە بەرامبەریشدا 25٪ـی پشکی بەرهەمهێنانیان وەربگرێت. بەپێی چەند سەرچاوەیەک، تاوەکو دوێنێ دووشەممەش، کێڵگەی نەوتی ئێبلا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیا ماوەتەوە.
ئێڤرۆ پۆلیس لەلایەن یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی کۆچکردووی گرووپی چەکداریی ڤاگنەرەوە خاوەندارێتی دەکرا. گرووپەکە لە سووریا و ئۆکرایناش چالاک بوو. بەڵام دوای گیانلەدەستدانی پریگۆژین، سوپای رووسیا شوێنی چەکدارانی ڤاگنەری لە کێڵگە نەوتییەکانی سووریا گرتەوە.
داهاتووی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا ناڕوونە، لەبەرئەوەی گرووپی تەحریر شام دەستی بەسەر دیمەشق دا گرتووە و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدی راگەیاندووە. مامەڵەی ئەو هێزە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی داهاتوو، دواجار چارەنووسی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا دیاری دەکات.
تاوەکو پێش شەڕی نێوخۆ، لە ساڵی 2011 دا هەڵگیرسا، داهاتی نەوت 25٪ـی داهاتی حکومەت بوو. بەڵام لەبەر شەڕی نێوخۆ، حکومەتی بەشار ئەسەد زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی بەدەستەوە نەما و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.
کشتوکاڵ
پاشەکشێی گەورەی ئابووری سووریا لە کشتوکاڵیشدا رەنگدانەوەی هەبوو، چونکە زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتەکان 25% کەمبوونەتەوە بەراورد بە سەردەمی پێش شەڕی نێوخۆ.
هەناردەی سوریا بەراورد بە سەرەتای شەڕی نێوخۆ 89% دابەزیوە و گەیشتووەتە کەمتر لە یەک ملیار دۆلار. هاوردەکردنیش لە وڵاتانی دەرەوە 81% دابەزیوە و گەیشتووەتە 3.2 ملیار دۆلار.
بانکی جیهانی دەڵێت، دەستڕاگەیشتن بە بنەتۆو، پەینی کیمیایی، سووتەمەنی و پارچەی یەدەگی ئامێرەکان کە پێویستن بۆ چاندنی بەروبوومەکان، بەردەوام قورستر بووە. لە ئەنجامدا بەرهەمی کشتوکاڵی کەمبووەتەوە.
هاوکات لە ساڵی 2011-2023 بەهای لیرەی سووری بەرامبەر بە دۆلار 270 هێندە دابەزی و ئەوەش هەڵاوسانی زیاتری زیاتر کرد.
داهاتی رژێمی ئەسەد لە ساڵی 2023 بەڕێژەی 35% دابەزی بەراورد بە ساڵی پێشووتر. لە دوای شەڕی نێوخۆشەوە داهاتی حکومەتی سووریا 85٪ دابەزیبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ