نرخی کاکاو گەیشتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا؛ تۆنێکی بە 12.5 هەزار دۆلارە

19-12-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ئەم ساڵ نرخی کاکاو سێ هێندە بەرزبووەتەوە.
 
ئێوارەی چوارشەممە (18-12-2024) نرخی تۆنێک کاکاو لە بۆرسەی نیویۆرک 758 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 12 هەزار و 613 دۆلار.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی کاکاوە لە مێژووی مامەڵەکاندا. تەنیا لە ئەم ساڵیش نرخەکەی سێ هێندە زیادبووە. سەرەتای ئەم ساڵ هەر تۆنێک کاکاو بە 4 هەزار و 200 دۆلار بوو.
 
نیگەرانی لە کەمبوونەوەی بەرهەمی کاکاو لە کۆتدیڤوار کە گەورەترین بەرهەمهێنەرە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
 
بەهۆی وشکەساڵی و شەپۆلی گەرمای نینۆوە کۆتدیڤوار تووشی گەورەترین کورتهێنانی بەرهەمی کاکاو بووە، ئێستا کۆمپانیاکانی ئەو بوارە لە وڵاتەکە، ناچار بوون پەنا ببەنە بەر کاکاوی کۆگەکراو.
 
بۆ 2024-2025 پێشبینی دەکرێت بەرهەمی کاکاوی کۆتدیڤوار بگاتە ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن، ئەوەش 10٪ کەمترە بەراورد بە وەرزی پێشوو. ئەمەش گوشاری زیاتر لەسەر کۆگەکانی کاکاو دروستدەکات.
 
لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا گەورەترین کورتهێنان لە بەرهەمی کاکاو لە 60 ساڵی رابردوودا دروستبووە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی کاکاو کە بەزۆری بۆ دروستکردنی شوکڵاتە بەکاردێت، مەترسیی زیادبوونی هەڵاوسانی زیادکردووە، بەتایبەتیش کە رێژەکە لە وڵاتانی زلهێزی ئابووری هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە.
 
بەپێی رێکخراوی جیهانیی کاکاو، کۆتدیڤوار و گانا نزیکەی 60٪ـی کاکاوی جیهان بەرهەمدەهێنن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.