بەهۆی بارودۆخی سووریا، عێراق پارەی نەختینەی راگرتووە

دوێنێ کاژێر 09:19
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە سووریا دروستبووە، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی نەختینەی راگرتووە و تەنیا پارە بۆ کاروباری تایبەتی سەربازی خەرج دەکات. هەربۆیە تاوەکو ئێستا پارەی تەواوکەری مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە.
 
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە لە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، وەزارەتی دارایی عێراق 430 ملیار دیناری تەواوکەری مووچە بۆ ‌هەرێمی کوردستان بنێرێت.  
 
وەزارەتى دارایی عێراق تاوەکو ئێستا دوو گوژمە پارەى بۆ مووچەى مانگەکانى 10 و 11ـی هەرێمى کوردستان ناردووە، بەڵام بە هەردووکیان نزیکەى 500 ملیار دینار کورتهێنان هەیە، بڕیارە لە رێگەى گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینار ئەو کورتهێنانە پڕبکرێتەوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هۆکارێکی دیکەی نەناردنی تەواوکەری مووچە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆیی 5 مانگی ئەم ساڵی نەناردووە کە ئەویش مانگەکانی 7 تاوەکو 11یە. بەغدا بڕیاریداوە ئەو داهاتە لە پشکی مانگی 12ی هەرێمی کوردستان ببڕێت.
 
هەر تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکانی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە.  
 
شاندی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر سێ بابەتی سەرەکی دەکەن کە بریتین لە  پێداچوونەوە بە خشتەی بودجە، زیادەڕۆییەکانی سەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. 
 
بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە، لە جیاتی 25 کانوونی یەکەم، 30 بۆ 31 کانوونی یەکەم حیساباتی هەرێمی کوردستان دابخات.   
 
17ـی کانوونى یەکەمى 2024، دابەشکردنى مووچەى مانگى تشرینى یەکەمى هەرێمى کوردستان دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا دیار نییە مووچەى مانگەکانى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم کەی دابەش دەکرێن.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە