رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە هەزار کەس بوونەتە قوربانیی شەڕ و پێکدادانی نێوان سەربازانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان لە رۆژئاوای سووریا. بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان 745 کەسی سڤیل کوژراون لەگەڵ 125 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، لە بەرامبەردا، 148 چەکداری لایەنگری ئەسەد کوژراون.
رۆژی شەممە، 8ـی ئاداری 2025، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، زۆربەی شەڕ و پێکدادانەکان و کوشتنەکان، لە شارەکانی جەبلە، بانیاسن کە بە پێگەی عەلەوییەکان دادەنرێت، ژمارەیەکیش لە قوربانییەکان، ئافرەت و منداڵن.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئادار، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، رایانگەیاند، دەستیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت لە شارەکانی تەرتووس، لازقیە، جەبلە و بانیاس کە بە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا ناسراون، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری سەرۆکی پێشووی سووریا.
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە، لە رۆژی شەممە سەرجەم ئەو رێگایانەی دەچنە ئەو شارانەوە داخراون، ئەمەش بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ناوچەکە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتەکە رایگەیاندووە هەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان هەر پێشێلکارییەکی بەرامبەر دانیشتووانی ناوچەکە کردبێت، لەلایەن دادگەی سەربازیی سووریاوە دادگەیی دەکرێت.
هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، لەوەتەی شەڕ و پێکدادانەکان لە رۆژی پێنجشەممە دەستیانپێکردووە، بە هەزاران عەلەوی و کریستیانی دانیشتووی ناوچەکانی رۆژئاوای سووریا، ئاوارەبوون و روویان لە ناوچەکانی دیکە ئەو وڵاتە کردووە.
بەگوێرەی زانیاریی شایەتحاڵەکانی، هەریەک لە شارەکانی جەبلە و بەنیاس، زۆرترین کوشتن و پێشێلکارییان بەخۆوە بینیووە. دانیشتووانی ئەو دوو شارە، ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی سووریای نوێ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کۆمەڵکوژیان لەو ناوچانە کردووە و بە سەتان تەرم لەسەر شەقامەکانن و کەسوکاریان ناوێرن، بچن تەرمەکان هەڵبگرنەوە.
بەڵام سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە لە ئێوارەی رۆژی شەممە، زۆربەی ئەو ناوچانەی شەڕ و ئاڵۆزیی بەخۆوە بینیووە، لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، کۆنترۆڵکراونەتەوە و دۆخەکە هێور بووەتەوە.
رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ، کە بنکەی سەرەکی رێکخراوە لە بەریتانیایە، رایگەیاند، ئەو شەپۆلی نوێی شەڕوپێکدادانە "یەکێکە لە خوێناویترین پێکدادانەکانی سووریا بەدرێژایی 13 ساڵی جەنگی ناوخۆی سووریاوە بەخۆیەوە بینیبێتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ