رووداو دیجیتاڵ
حەوت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێن، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا بکرێتەوە، بۆئەوەی رێگە بە گەڕانەوەی خۆویستانەی پەناخوازان بدرێت.
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بەرپرسانی نەمسا، چیک، قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، ماڵتا و پۆڵەندا رایانگەیاند، هاوڕان کە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سووریا بکرێتەوە، چونکە پێیانوایە دۆخەکە "بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو"ی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا دەکرێت رێگە بە پەناخوازان بدرێت، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هێشتا سووریا سەقامگیریی سیاسی بەخۆیەوە نەبینیوە و زوو زوو هێرشە نێوخۆیی و دەرەکییەکان خەڵک و ژێرخانی وڵاتەکە دەکەنە ئامانج.
حەوت وڵاتە ئەورووپییەکە رۆژی هەینی لە قوبرس کۆبوونەوەیەکی لووتکەیان کرد.
دانیمارک لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، بەڵام راگەیێندراوەکەی واژۆ نەکرد.
پێشتر وەزیری ناوخۆی قوبرس گوتبووی، هەر هەشت وڵاتی بەشداربووی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوەکەیان واژۆ کردووە، بەڵام دواتر روونیکردەوە کە دانیمارک واژۆی نەکردووە.
لەم چەند مانگەی دواییدا، لێشاوی پەناخوازانی سووریایی بەرەو قوبرس زیادی کردووە، کە زۆربەیان لە لوبنانەوە بە بەلەمی بچووکی نالەبار دەڕۆن.
سەرەتای مانگی رابردوو، یەکێتیی ئەورووپا یەک ملیار دۆلاری وەکو یارمەتی بۆ لوبنان تەرخانکرد بۆئەوەی رێکارەکان دژی لێشاوی کۆچبەران بەرەو قوبرس و ئیتاڵیا بوەستێنێت.
حەوت وڵاتەکە دەڵێن، پێویستە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیی زیاتر بە لوبنان بدات "بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی لێشاوی گەورەتر لە لوبنانەوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەیاندا هاتووە، "پێویستە بڕیاری ئەوەی کە کێ دەتوانێت بە سنووری وڵاتێکی ئەندامدا دەربازبێت، لە لایەن وڵاتەکەوە بدرێت نەوەک ئەو تۆڕە تاوانکارانەی دەستیان لە بەقاچاخبردن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەیە."
ئەم بانگەوازە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە 15 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا داوایان لە یەكێتییەکە کرد، هاوئاهەنگیی باشتری لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبێت کە دەکەونە سەر رێگەی کۆچبەران بۆئەوەی کۆچی نایاسایی بەرەو یەکێتییەکە بوەستێنن.
حەوت وڵاتەکە دەڵێن، ئەگەرچی "بە تەواوی رازین" بە پشتیوانیکردنی پەنابەرانی سووریایی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هیواخوازن گفتوگۆیان ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای دانوستاندنێکی فراوانتر لەنێو یەکێتییە 27 ئەندامییەکە لەبارەی چۆنێتیی پێدانی مافی پەنابەرێتی بە کۆچبەران.
دیمیتریس کایریدیس، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان گوتی، "ئەوەی هاووڵاتییانی ئەورووپا لە ئێمە چاوەڕوانی دەکەن، چارەسەرە؛ چارەسەری راستەقینەی شیاوی جێبەجێکردن."
کۆنستانتینۆس ئایۆنۆ، وەزیری ناوخۆی قوبرس ئاماژەی بەوە کرد، ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان "هێڵی پەیوەندیکردنی" لەگەڵ دامودەزگاکانی سووریا دامەزراندووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری گەڕاندنەوەی پەناخوازان.
وەزیرەکەی قوبرس روونیکردەوە، سەرەتا گەڕانەوە تەنیا بۆ ئەوانە دەبێت کە دەیانەوێت بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە سووریا، بەڵام دەکرێت لە قۆناخی دواتردا پەناخوازان بە ناچاری بگەڕێننەوە. بۆ ئەوەش، بە گوتەی خۆی، پێویستە کاری زۆر زیاتر بکرێت، چونکە یەکێتیی ئەورووپا دان بە حکومەتەکەی بەشار ئەسەددا نانێت.
لە لوبنانیش دژایەتیکردنی پەنابەرانی سووریایی لە زیادبووندایە. نێوەڕاستی مانگی ئایار، 300 کەسیان بە یەک کاروان گەڕێندرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ