رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگای سوەیدا رێگرییان لە کاروانێکی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیی دەستەی تەحریری شام کرد و نەیانهێشت بچنە نێو شارەکە.
ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی چەکی هێزەکانی سوەیدای خستە رۆژەڤەوە. حیکمەت حەجەری، شێخی درووزەکان جەختی لەوە کردەوە کە چەکدانان بەندە بە دابینکردنی مافەکان لە دەستوور. ئەو بە میدیاکانی راگەیاند، "چەکەکانمان رادەست ناکەین تاوەکو دەوڵەت، دەستوور و حکومەت پێکدەهێندرێت و سیستمی نا-ناوەندی گونجاوترین سیستمە بۆ سووریا."
سەبارەت بە پرسی چەک، نەورەس عەزیز، نووسەر و سیاسەتمەداری خەڵکی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەکو بنەما بۆ خەڵک و گرووپەکانی سوەیدا، رادەستکردنی چەک کێشە نییە، ئەگەر مەرجی بوونی حکومەتێکی شەرعی جێبەجێ بکرێت و یاسایەکی نوێی مەدەنی هەبێت کە مافی هەموو لایەک لە سووریا بپارێزێت."
لەبارەی سیستمی نا-ناوەندی، نەورەس عەزیز گوتی، "ئەمڕۆ ئەمە بووەتە داواکارییەکی رەوا بۆ خەڵکی سوەیدا، دوای دەیان ساڵ لە دوورخستنەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە رۆڵێکی کاریگەری سیاسی و ئابووری لە دەوڵەتی سووریا. لەبەر ئەوە پێموایە بەڕێوەبەرایەتیی نا-ناوەندی گرنگە تاوەکو کەسانی لێهاتوو رۆڵی خۆیان لە دەوڵەتێکی مەدەنیدا ببینن، کە دان بە هەموو پێکهاتە و تایەفەکاندا دەنێت."
گرووپی "ریجال ئەل-کەرامە" واتە "پیاوانی شەرەف،" گرووپی چەکداریی سەرەکییە لە سوەیدا. ئەم بزووتنەوەیە بە فەرماندەیی لەیس بەلهوس وەکو بزووتنەوەیەک لە دژی حکومەتی پێشووی سووریا دامەزرا و بارودۆخی ئاسایشی لە پارێزگای سوەیدا دەپاراست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ