پەروەردەی سووریا دەستکاریی پڕۆگرامەکانی خوێندن دەکات و کریستیانەکان تووڕە دەکات

02-01-2025
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى کاتیی سووریا گۆڕانکاری لە نێوەڕۆکى چەند وانەیەکى خوێندنى قوتابخانەکان دەکات، چەند فەرموودەیەک بە پاساوى ئەوەی "لاوازن" دەسڕێتەوە. دەستەواژەی "لەپێناو نیشتمان دا" دەکاتە "لەپێناوى خودا" ماناى دەستەواژەى "گومڕاکان" دەکاتە کریستان و جوو، وشەى خواوەندیش لادەبات.
 
ئەو گۆڕانکارییانە بە گوێرەى بڕیارێکى نەزیر قادرى، وەزیرى پەروەردە و خوێندنى سووریا بووە و چوارشەممە، یەکى کانوونى دووەمى 2025، ئاژانسى فەرمیى ئەو وڵاتە بڵاویکردووەتەوە. 
 
هەندێک لە بڕیارەکان پەیوەندارن بە گۆڕینی دەستەواژەکان لە وانەى پەروەردەى ئیسلامیى پۆلی یەکى ناوەندی، ماناى "گومڕاکان" کە لە قورئاندا هاتووە، گۆڕدراوە بۆ کریستیان و جوو، کە پێشتر وا پێناسە کرابوو: "ئەوانەن لە رێگەى خێر لایان داوە".
 
"شەهیدان لەپێناو وڵات دا" کراوەتە "شەهیدان لەپێناو خودا"، "حوکمى یاسایى دادوەرى" گۆڕدراوە بۆ "شەرعى خودا". چەند فەرموودەیەک بە ناوى پەیامبەرى ئیسلام سڕدراونەتەوە بە پاساوى ئەوەى لاوازن.
 
ئەو گۆڕانکارییانە بەپێى بڕیارەکە بۆ خوێندنى ئەمساڵە و چەند وانەیەکى پۆلەکانی یەک تاوەکو سێى ناوەندی دەگرێتەوە.
 
وێنەى حافز ئەسەد، سەرۆکى پێشووترى سووریا و بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشوو لە کتێبى مێژووى سێى ناوەندی لابراون. 
 
لە کتێبی زمانى فەرەنسى پۆلی سێى ئامادەیی، ناوى بەشار ئەسەد لە پەرەگرافێک لادراوە کە تێیدا باس لە خەڵاتکردنى محەممەد ماغوت، نووسەرى ناودارى سووری کراوە.
 
یەکێک لەو بابەتانەى دیکە کە بڕیار دراوە بسڕدرێتەوە وێنەى مەردۆخ خواوەندى ئاشوورییەکانە و شرۆڤەى پەیوەندار بە وێنەکەیە، کە لە وانەی مێژووی پۆلی سێی ناوەندی دەخوێندرێت.
 
لە یەکەم کاردانەوەدا لەبارەى ئەو گۆڕانکارییانە، روانگەى ئاشوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئەو گۆڕانکارییانەی بە "پێشێلکاریى کولتوورى فرەیی سووریا" ناوبردووە و دەڵێت: "هەڕەشە لە پێکەوەژیانى ئاشتیانە لەو وڵاتە دەکات." 
 
ئەو روانگەیە ئاماژەى بەوەداوە بەگوێرەى گۆڕانکارییەکان چەندین کەسایەتیى مێژوویی سووریایی لادراون لەوانە زنوبیا، شاژنە تەدمور، کە رۆڵى گرنگیان لە مێژووى سووریا هەبووە.
 
دوای شەپۆلێکی ناڕەزایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چالاکڤانان بڵاویانکردەوە: "هەموو گۆڕانکارییەکانی پرۆگرامی خوێندنی سووریا هەڵدەوەشێندرێنەوە، جگە لە گوتەکانی حافز ئەسەد و بیرۆکەکانی بەعس و رێبازی ئەسەد، کە دەستبەجێ لادەبرێن، هەروەها بڕیاردان لەسەر گۆڕانکارییەکان بۆ پسپۆڕان دەمێنێتەوە لە داهاتوودا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە