کێشەی عەلەوییەکانی سووریا چییە و داوای چی دەکەن؟

01-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عەلەوییەکانی سووریا، 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد، چونکە حافز ئەسەد و ماڵباتەکەی لە کەمینە شیعە مەزهەبە بوون، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد و حیزبی بەعس لە سووریا، ئێستا عەلەوییەکان ناڕازین و ناوەناوە خۆپێشاندان دەکەن و هەندێجاریش بۆسە بۆ چەکدارانی هەتەشە دادەنێن و تەقەیان لێدەکەن، لە بەرامبەریشدا هەتەشە دەستیان لێ ناپارێزێت.
 
هیچ ئامار و سەرژمێرییەکی نوێ نییە دەریبخات ژمارەی دانیشتووانی سووریا چەندە، بەڵام بە مەزەندەی سووریاییەکان زیاتر لە 24 ملیۆن کەس دەبن، رێژەی عەلەوییەکانیش لەو وڵاتە 9٪ـە، واتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس.
 
بۆچی کێشە لەنێوان عەلەوییەکان و هەتەشە سەری هەڵدا؟
 
عەلەوییەکان زۆربەیان لایەنگری حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بوون، بەوپێیەی ئەسەد هاومەزهەبیان بوو، بەشێکی پیاو و گەنجەکانیشیان لە ریزەکانی سوپا و هێزە ئەمنیەکانی رژێمەکەی ئەسەد دا بوون. 
 
رۆژی 25.12.2024، لە چەند شارێکی سووریا، عەلەوییەکان چوونە سەر شەقامەکان و پشێوییەکى نوێ رووی لەو وڵاتەکە کرد، ئەو دۆخە نوێیە دەسەڵاتدارانى دەستەى تەحریر شامى ناچار کرد رێوشوێن بگرنەبەر و لە شارى حمس قەدەخەى هاتووچۆ رابگەیێنن، وەزارەتى ناخۆى حکومەتى راگوزەریش گوتی: "هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و کوژرا و بریندار هەبووە."   
 
عەلەوییەکان کە شیعەن، لە پارێزگەکانى حەما، حمس، تەڕتووس، ناوچەى قەرداحە لە پارێزگاى لازقییە خۆپێشاندانیان کرد، پاساوەکەشیان ئەوە بوو، لایەنگرانى دەستەى تەحریرى شام هەڵیانکوتاوەتە سەر مەزارى شێخ حەسەن لە شارى حمس. بەگوێرەى سەرچاوە خۆجێییەکانى سووریا لە رووداوەکەدا 5 کەس لە کارمەندانى مەزارەکە کوژران.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخەکە، چەند یەکەیەکى سەربازى بۆ حمس نێردراون کە سەر بە ئاسایشى گشتى و بەڕێوەبردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى سووریان و، لەژێر دەسەڵاتى ئێستاى دەستەى تەحریری شامدان.
 
ئاڵۆزیی نێوان عەلەوییەکان و تەحریری شام بە جیاوازیی مەزهەبییان لەنێوان سوننە و شیعە دەبەسترێتەوە، ئەگەرچى هۆکارەکان بە رووکەش وەک خۆیان باسی دەکەن؛ پەیوەندیدارن بە کێشەى ئەمنییەوە. 
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا لە سووریا، دیمەنێکى دیکە بڵاوکرایەوە گوایە هەڵکوتانە سەر مەزارى ئەبو عەبدوڵڵا خەسیبی، شێخى عەلەوییەکانە لە شارى حەلەب.
 
محەممەد عەبدوڵڵا، وەزیرى راگەیاندنى حکومەتى راگوزەرى سووریا رایگەیاند، ئەو دیمەنانەى بڵاوکراونەتەوە "کۆنن"، وەزارەتى ناوخۆى ئەو حکومەتەش گوتی، "دیمەنەکە بۆ کاتى رزگارکردنى شارى حەلەب دەگەڕێتەوە."
 
کوژرانی 14 چەکدار و گولـلەبارانکردنی ژمارەیەک عەلەوی
 
رۆژی 25.12.2024، هێزێکی پۆلیس لە گوندێکی شاری تەرتووسی سووریا کەوتبوونە بۆسەی پاشماوەی چەکدارانی رژێمی پێشووی سووریا و 14یان کوژراون. ئەو چەکدارانە عەلەوی بوون.
 
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، بەڕێوەبەری دادگەی سەربازی فەرمانی دەرکرد بە لەسێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی زیندانی سیدنایا و زیندانەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە دەشتی تەرتووس کرا. ئەوەش دوای ئەوە هات بەلایەنی کەمەوە 14 چەکداری گرووپەکانی ئاسایشی گشتی لە دیمەشق لە بۆسەکاندا کوژران.
 
ئەو شەڕ و کوشتارە، لە رۆژئاوای سووریا دەستیپێکرد، بە ئۆپەراسیۆن بۆ لەناوبردنی (پاشماوەکانی ئەسەد) ناسێندراوە و زیاتر سنووری تەرتووس و لازقییەی گرتەوە. بەپێی زانیارییەکان، سێ سەربازی سەردەمی ئەسەد کوژراون.
 
دەستەی تەحریری شام رایگەیاندووە کە ئەوە "ئۆپەراسیۆنی جێگیرکردنی ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەیە".
 
کەسایەتییەکی عەلەوی: دوای هەڵاتنی ئەسەد ترس عەلەوییەکانی داگرتووە
 
عیسا ئیبراهیم، راوێژکاری پێشووی شاندی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە جنێڤ، کەسایەتییەکی عەلەوییە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای ناوچە عەلەوییەکانی سووریا دەربڕی و گوتی، ئەوەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە راستە و ئەو کارانە کراون، کە ناتوانرێت پێشبینی بکرێ کێ لە پشت ئەم کارانەوەیە، بۆیە کاردانەوەیان بەدوای خۆیاندا هێنا و بووە هۆی خۆپێشاندان لە چەند ناوچەیەک.
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک، کە تێیدا چەند چەکدارێک مەزارێکی عەلەوییەکان دەسووتێنن، لە حەما، حومس، لازقییە و تەرتووس خۆپێشاندانیان کرد و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و خۆپێشاندەران روویدا. 
 
عیسا ئیبراهیم نیگەرانیی عەلەوییەکانی دوای نەمانی بەشار ئەسەد نەشاردەوە و بە رووداوی گوت، "عەلەوییەکان وەکو تەواوی سوورییەکان ترسی تایبەتیان بۆ قۆناخی دوای هەڵاتنی ئەسەدی کوڕ و تاوانباری جەنگ هەیە".
 
ئەو سەرکردەیەی عەلەوی هۆکاری ئەو ترسەی رووندەکاتەوە "ئەسەد وڵاتی بەجێنەهێشت بۆ ئەنجوومەنی لەشکری، یاخود ئەنجوومەنێکی راگوزەر، بەڵکو بەجێیهشیت بۆ وێرانکاری. هاتنی حکومەتی ئەمری واقیع بۆ شام لەگەڵ ئەوەی نیازێکی پاکی نییە توانا و کەسی پێویستیان نییە، هەروەها هیچ شارەزاییەکیان نییە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەگەڵ هەبوونی گرووپی چەکداری جیاواز و خاوەن مەرجەعییەتی جیاواز یان گرووپی تاڵانکردن و دزی نێوخۆیی، بووەتە هۆکاری ئەوەی سوورییەکان لەنێویاندا عەلەوییەکان هەست بە نیگەرانی بکەن، بەتایبەت کە دۆخەکە بەپێی کاردانەوەکان بەرێوەدەبرێت، نەک لە رێگەی بوونیاتنانی دەوڵەتی مودێرن".
 
عەلەوییەکان باجی تاوانەکانی ئەسەد دەدەن
 
عەممار وەقاف، پسپۆڕی سیاسییە و بەڕێوەبەری دامەزراوەی غنۆسسە بۆ توێژینەوەکان لە لەندەن. ئەو نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی عەلەوییەکانی سووریا نەشاردەوە و رایگەیاند، "عەلەوییەکانی سووریا تاوانباردەکرێن بە کردەوەکانی رژێمی بنەماڵەی ئەسەد، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوانیش لە ستەمی رژێمی پێشوو بێبەش نەبوون."
 
وەقاف کەسایەتییەکی عەلەوییە، پێیوایە ئەوەی لەبارەی پێکەوەژیان باس دەکرێت لەگەڵ راستیی دۆخەکەدا یەک ناگرێتەوە: "لێدوانەکانی ئیدارەی نوێی دیمەشق کە دەڵێن سووریا بۆ هەمووانە و هیچ ئامانجگرتنێک بۆ تایفەکان نابێت، پێچەوانەی ئەوەیە کە لەسەر زەوی روودەدات".
 
زۆربەی عەلەوییەکان لە زنجیرە چیاکانی نێوان عەککار لە باشوور تاوەکو چیاکانی تۆرۆس لە باکووری سووریا نیشتەجێن، هەروەها بەشێکیان لە سنووری حەما، حمس، لازقییە و تەرتووس دابەشبوون، هەروەها لە تورکیا و لوبنان و عێراقیش عەلەوی هەن.
 
ئەمریکا بۆ بەرپرسانی سووریا: تووندوتیژی دژی عەلەوییەکان رابگرن
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رۆژی سێشەممە، 31-12-2024 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، دانیال رۆبینستاین، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە. رۆبینستاین نیگەرانیی واشنتنی بە بەرپرسانی نوێی سووریا گەیاندووە لەبارەی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر پێکهاتەکانی سووریا و بەتایبەت بەرامبەر عەلەوییەکان دەکرێن لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لە 8ـی ئەم مانگەدا. 
 
بەگوێرەی پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، لە کۆبوونەوەی نوێنەری ئیدارەی بایدن، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، پرسی بێسەروشوێنانی ئەمریکییەکان لەو وڵاتە و پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی، بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی داعش، رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی ئێران لە سووریا و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی بنکەفراوان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
 
میدیای ئەمریکاش لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردووەتەوە؛ رۆبنستیان بە شەیبانیی راگەیاندووە پێویستە ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر پێکهاتەکانی سووریا کۆتایی پێبێت. لە بەرامبەردا شەیبانی گوتوویەتی ئیدارەی نوێی سووریا دژی ئەو تووندوتیژیانەیە و زۆربەی ئەو پێشێلکاریانەی کراون، لەلایەن چەکدارانی دیکەوە کراون، نەوەک چەکدارانی دەستەی تەحریری شام. 
 
شەیبانی بە شاندەکەی ئەمریکای راگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا سەرقاڵی رێکخستنەوەی هێزە جیاجیاکانی نێوخۆی سووریان و لە هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنیان و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش و یەکگرتوو لەژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگریی سووریا. 
 
شاندەکەی ئەمریکا، هۆشداریی داوەتە وەزیری نوێی دەرەوەی سووریا کە پێویستە بەزووترین کات ئەو پێشێلکارییانە بووەستن، چونکە لەئەگەری بەردەوامبوونیان، گرووپەکان و لایەنگرانی بەشار ئەسەد یان چەکدارانی داعش ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و ناکۆکی نوێ لەنێو سووریا دروست دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە