وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی سووریا لە قەتەرن

دوێنێ کاژێر 01:29
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی حکومەتی کاتی سووریا بە سەردانێک گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
 
ئاژانسی فەرمی سووریا - سانا، رۆژی یەکشەممە، 05-01-2025 بڵاوی کردەوە، کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەر یەک لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەران؛ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سووریا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
 
وەک ئاژانسەکە باسی کردووە، ئامانجی سەردانەکەیان تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتە.
 
رۆژی هەینی رابردوو، ئەسعەد شەیبانی رایگەیاند، ئەم هەفتەیە وەکو نوێنەری وڵاتەکەی بە فەرمی سەردانی وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و شانشینی ئوردن دەکات. وەزیری دەرەوەی سووریا راشیگەیاند، چاوەڕێ دەکەن ئەم سەردانانە رۆڵیان هەبێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری، ئاسایش، گەشەی ئابووری و دروستکردنی هاوبەشی.
 
لە دوای رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد و دامەزراندنی حکومەتی کاتی سووریا لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە، رۆژی 2ی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار شاندێکی حکومەتە کاتییەکە سەردانی سعودیەی کرد.
 
شاندەکە لە هەمان ئەو بەرپرسانە پێکهاتبوو، کە ئەمڕۆ سەردانی قەتەریان کردووە.
 
دوای گەیشتنیان بە ریازی پایتەختی سعودیە، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "لەم سەردانەدا کە یەکەمینە لە مێژووی سووریای ئازاددا، ئامانجمان کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و گەشە لە پەیوەندی سووریا-سعودیە، کە شایستەی مێژووە دێرینە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات بێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە