رووداو دیجیتاڵ
شەڕڤانانی هێزی ئازادکردنی عەفرین لە ناوچەی شەهبای باکووری شاری حەلەب کشانەوە و بە رێکەوتن، شارۆچکەی تەلرەفعەتیان رادەستی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا کرد کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات.
هێشتا زانیاری پشتڕاستکراو لەبارەی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی باکووری شاری حەلەب نییە؛
دەگوترێت هێشتا شەڕڤانانی هەسەدە لەوێ ماون.
ئێستا هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی عەریمەن؛ کەمتر لە 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی باب-ەوە دوورن کە بە ناوەندێكی بەهێزی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریا دادەنرێت.
لە باکووریش هەسەدە لە کۆبانییە؛ بە دیوی راستیدا جەرابلوس هەیە کە لە ژێر دەستی هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریایە؛
بە لای چەپی گرێ سپیی کە ئەویش هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووریای تێدایە؛ هەموو کاتێك ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر کۆبانی و منبج بکرێت و هەسەدە بە تەواوەتی بۆ دیوی رۆژهەڵاتی رووباری فورات دوور بخرێتەوە.
قامشلۆ زیاتر لە 10 ساڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی راستەوخۆی درۆن و فڕۆکەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیدایە.
هێڤین حەسەن، هاونیشتمانیی قامشلۆ دەڵێت: "گەلی رۆژئاوا بەهێزترە، بەردەوام دەبین لە بەرهەڵستکاری لە پێناو عەفرین، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی سووریا".
هێشتا هەڵوێستی ئەمریکا لە ئاست رۆژئاوای کوردستان روون نییە؛ ئەوەی کە هەیە تەنیا لێداوانی فەرمییە لە چوارچێوەی نەریتە دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە دۆخی گشتیی سووریا.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "لە هەموو گفتوگۆکانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، داوامان لێکردوون هەژموونی خۆیان بەکاربهێنن بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە؛ نامانەوێت ببینین هیچ وڵاتێك هەلی بارودۆخی ئێستای سووریا بە سوودی خۆی بقۆسێتەوە".
لە دیمەنە گەورەکەدا ئەمریکا و رووسیا هەن؛ لە گۆڕەپانەکە ئێستا لە پلەی یەکەم تورکیا هەیە؛ بازنەی لاوازی ئەمڕۆی پێشهاتەکانی سووریاش، ئێرانە.
رووداوەکانی سووریا بە رووی هەموو سیناریۆیەک کراوەن؛ چ هێورکردنەوە یان هەڵکشان و بەرفراوانبوون و تەشەسەندنی بۆ وڵاتانی دراوسێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ