رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی نێوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، توانیویانە کاروانێکی چەک و تەقەمەنی لە نزیک بنکەیەکی هێزەکانیان لە دەوروبەری رووباری فوڕات تێکبشکێنن.
رۆژی چوارشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی نێوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەم بەیانییە هێزەکانی سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی توانییان کاروانێکی چەک لە نزیک بنکەی پاڵپشتیی سەربازیمان لە دەوروبەری رووباری فوڕات لەنێو ببەن". بنکەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سووریا و لە نزیک سنوورەکانی عێراقە.
سێنتکۆم دەشڵێت، کاروانەکە لە "سێ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کە هاوێژەری مووشەک، تانکی تی64، ئۆتۆمبێلی گولـلەنەبڕ و چەند هاوەنێکیان تێدابوو تێکشکێندران". ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو چەکانە "مەترسیی جیدی بوون لەسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی".
سێنتکۆم جەخت لەوەش دەکاتەوە، "بۆردوومانەکە بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە" چونکە پێش ماوەیەکی کەم ژمارەیەک مووشەک و هاوەن لەو ناوچەیەوە ئاڕاستەی ئەو بنکەیان کرابوو.
سێنتکۆم ئەوەش دووپاتدەکاتەوە، هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا، بەردەوام سەرنجیان لەسەر تێکشکاندنی داعشە. لەگەڵ هێزەکانیان لە ناوچەکە لە پەیوەندیدان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە لە 27ی 11ی 2024ـەوە، گرژییەکانی سووریا زیادیان کردووە. ئەمە دوای ئەوە بوو کە دەستەی تەحریر شام و گرووپەکانی نزیکی دەستیان هێرشیان کردە سەر پارێزگای حەلەب. ئەو گرووپە چەکدارانە توانیویانە زۆرینەی پارێزگاکە کۆنتۆڵبکەن و لە پێشڕەویش بەردەوامن.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دا، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە. زۆربەیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ