سووریا
محەممەد حەسەن مستۆ لە بەردەم گۆڕی لوتفیی برای لە وەستاوە لە گوندی قوقانیای باکووری رۆژئاوای سووریا. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا دان بە "هەڵەیەک"یدا دەنێت و دەڵێت، ساڵێک لەمەوبەر، جووتیارێکی بێگوناهیان لە سووریا کوشتووە کاتێک ویستوویانە هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر سەرکردەیەکی قاعیدە.
ئایاری پار، دوای کوژرانی ئەو کەسە، ئەندامانی خێزانەکەی و دانیشتووانی ناوچەکە رایانگەیاند، ئەوەی کوژراوە سەرکردەی قاعیدە نییە، بەڵکو جووتیارێکی بێتاوانی ناوچەکەیە. رۆژی پێنجشەمممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا قسەی ئەوانی پشتڕاستکردەوە.
سوپای ئەمریکا دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە هێرشە درۆنییەکەی 3ی ئایاری 2023 کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە دەستنیشانکردنی سەرکردەیەکی قاعیدە هەڵەیان کردووە و کەسێکی سڤیلیان بە ناوی لوتفی حەسەن مستۆ کوشتووە.
دوای هێرشە درۆنییەکە، چالاکڤانە خۆجێیەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە هێرشەکە پەلەوەرگەیەکی نزیک شارۆچکەی حەریمی پارێزگەی ئیدلبی کردووەتە ئامانج و کەسێکی کوشتووە.
چەند رۆژێک دواتر، کەسوکار و دراوسێی کوژراوەکە رایانگەیاند، کوژراوەکە جووتیارێک بووە و سەرقاڵی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و مریشک و رەشەوڵاخ بووە و رۆڵی لە هیچ گرووپێکی چەکداریدا نەبووە.
محەممەد مستۆ، برای کوژراوەکە گوتی، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە برا تەمەن 60 ساڵانەکەی ئەندامی قاعیدە بووە، "درۆی زەقن" و کوشتنەکەیشی "ناڕەوا و دوژمنکاری" بووە، گوتیشی، لوتفی مستۆ سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕەکانی بووە کاتێک بەر هێرشەکە کەوتووە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا گوتی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو کۆتاییهاتبوو، بەڵام تاوەکو پێنجشەممە بڵاونەکرایەوە.
هێزە ئەمریکییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ژمارەیەک خاڵی دەرخستن "کە دەکرێت باشتر بکرێن."
لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە شەڕەکانی ئەفغانستان، عێراق و سووریادا خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج، بۆیە لە کاتی هەبوونی دەنگۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل، لیژنە بۆ لێکۆڵینەوەی تێروتەسەل پێکدێنێت.
ئەمریکا هەروەها بەردەوامە لە بەئامانجکردنی سەرکردەکانی قاعیدە و داعش لە سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ