رووداو دیجیتاڵ
هەزاران ئاوارەی عەفرینی کە لە ساڵی 2018ـەوە لە ناوچەی شەهبا نیشتەجێ بوون، لەو ناوچەیەدا گیریان خواردووە و رێگەیان گیراوە.
ئاوارەکانی ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، لە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەوە بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەوە لە چۆڵەوانیدا گیریان خواردووە؛ "زۆربەمان لە نزیک کارگەی چیمەنتۆ و ناوچەی ئەحداس گیرمان خواردووە."
ئەو دیمەنە تایبەتانەی شەوی یەکشەممە و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ رووداو نێردراون، ئەوە دەردەخەن کە بەهۆی سەرماوە ئاوارەکان تووشی گرفتی زۆر بوون و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
ئەو ئاوارە عەفرینییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆ دراون و هیچ رێگەیەک لەبەردەمیاندا نییە، بۆیە ترسێکی گەورە لەنێو کۆچبەراندا بڵاوبووەتەوە.
لەرێگەی رووداوەوە داوای لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە توانای هاوکارییان هەیە، ژیانیان رزگار بکەن و بیانبەنە شوێنی ئارام.
بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێزدینا رایگەیاند، پێنج هەزار کوردی ئێزدی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و ناوچەی شەهبا لە دۆخێکی سەختدان.
عەلی عیسۆ، لەبارەی دوایین دۆخی گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، رۆژی دووشەممە، 02.12.2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئیستا مەترسییەکی گەورە لەسەر دانیشتووانی کوردی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب و ناوچەی شەهبا هەیە. مەترسی هەیە پێشێلکاری گەورە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی ناوچەکە بکرێت."
عەلی عیسۆ گوتی: "مەترسییەکی دیکەش هەیە بۆ سەر کوردانی ئێزدی، لەبەرئەوەی لەلایەک کوردن و لەلایەکی دیکەوە ئێزدین. بەپێی زانیارییەکانمان چارەنووسی هاووڵاتییەکی سڤیلی ئێزدی دیار نییە کە تەمەنی 63 ساڵانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ