رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بانیاسی پارێزگەی تەرتووسی رۆژئاوای سووریا، پرسە بۆ 4 کەسی عەلەویی شارەکە، کە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژراون، دانرا.
برای یەکێک لە کوژراوەکان لەسەر گۆڕی براکەیەوە دەڵێ "ماڵمان لەسەر دووکانی براکەمەوە بوو، چەکدارەکان راستەوخۆ تەقەیان لێکرد، بێ ئەوەی براکەم هیچی کردبێت. براکەم بڕیار بوو لە ساڵی 2013 بچێتە نێو سوپاوە، بەڵام رەتیکردەوە و باوکم گوتی دەبێت کوڕەکەم خەڵات بکرێت، بەڵام ئەمە خەڵاتەکەی بوو کە کوژرا، ئێمە داوای ئاسایش و ئارامیی دەکەین."
هیبا سەلمان، هاوژینی یەکێک لە کوژراوەکان سەبارەت بە هاوژینەکەی دەڵێ "تارق، مرۆڤێکی بەوەفا بوو. ئەو زیانی بۆ کەس نەبوو، لەژیانیدا ئازاری مێشێکی نەداوە، خاوەنی دڵێکی میهرەبان و بەسۆز بوو، هەمووان ئەو راستیەیان دەزانی."
رێژەی 80٪ـی دانیشتووانی پارێزگای تەرتووس عەلەوین. پارێزگاکە بە یەکێک لە پێگە بەهێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد ناسرابوو.
ئێستا ئەو شارە ناسەقامگیرە؛ لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد، چەندین جار چەکداری نەناسراو تێیدا رووبەڕووی هێزەکانی هەتەشە بوونەتەوە.
لەدوا رۆژەکانی پار، لە تەرتووس 14 پۆلیسی سووریایی لە بۆسەیەکی ئەو گرووپە چەکدارانەدا کوژران.
مامی یەکێک لە کوژراوەکان دەڵێ "پێموایە هۆکاری ئەم تاوانە ئەوەیە دەیانەوێت ئاڵۆزی لەو ناوچەیە دروست بکەن. ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێت. یەکگرتووین و هەموو پێکهاتە ئاینییەکان هیچمان بەرامبەر یەکدی نییە، تەنیا باشە نەبێت."
جگە لە کوشتنی عەلەوییەکان، ناسەقامگیریی ئابووریش تەنگی بە سووریا هەڵچنیوە، لە هەندێک شوێن دا خەڵک تەنانەت توانای کڕینی نانیشی نییە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان؛ 90٪ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدان، 66٪ـشیان رووبەڕووی هەژاریی لەڕادەبەدەرن، نزیکەی 17 ملیۆن سووریایی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەنێو ئەو ژمارەیەش 7 ملیۆنیان منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ