رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ هەینی، بە کۆی دەنگ بڕیاریدا ئەرکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) بە نۆزدە مانگ درێژبکاتەوە.
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی کە ئەمڕۆ دەرکرا، لە دوایین رۆژی ساڵی داهاتوو واتە لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەموو کارەکانی یونامی دەوەستێندرێن.
ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد
رۆربەرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای دەنگدانەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشدا گوتی: "گرنگییەکە بە دیاریکراوی لەوەدایە کە ئەم درێژکردنەوەیە داننانە بە رۆڵی یونامی لە دابینکردنی پشتیوانیی تەکنیکی بۆ هەڵبژاردنەکان، پەرەپێدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاسانکاریکردن بۆ هاوئاهەنگیی نێوان عێراق و کوێت بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانیان".
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) لە 14ـی ئابی 2003 بە بڕیاری ژمارە 1500 ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهێندرا بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ئاشتی و سەقامگیریی عێراق بکات.
محەممەد شیاع سوودانی لە 8ـی نیسانى 2024 لە نامەیەکیدا بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کرد لە کۆتایی 2025دا ئەرکى یونامى کۆتایی پێ بهێنرێت، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.
ئانا ئێڤستیگنیڤا، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکی یونامی لەم ماوەیەدا "تەنیا پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵە نیشتمانییانە دەبێت کە بۆ عێراق گرنگترینن".
جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرۆکی نێردەکە بوو و ئەمڕۆ دوایین رۆژیەتی لە پۆستەکەدا، نێوەڕاستی ئەم مانگە لە دوایین راپۆرتی خۆیدا لە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش ئاماژەی بەوە کرد، بیست ساڵ دوای دەستبەکاربوونی یونامی، هێشتا چەندین ئاڵنگاری لە بەردەم عێراقدا ماون، دیارترینیان گەندەڵی، خۆدزینەوە لە یاسا، بنبەستی سیاسی، ژینگەی ئەمنیی ئاڵۆز و نەگەڕانەوەی ئاوارەکان.
سەرەکیترین ئەرکی یونامی:
1- پشتیوانیکردنی گفتوگۆ و ئاشتەوایی سیاسی: یونامی کار بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە عێراقییەکان و دانوستاندنی نێوانیان دەکات بۆ ئەوەی بەسەر ململانێکانیاندا زاڵ بن.
2- هەڵبژاردن و گشتپرسی: یونامی یارمەتیی حکومەتی عێراق دەدات لە رێکخستن و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی متمانەپێکراو، لەوانەش لە رێگەی دابینکردنی یارمەتیی تەکنیکی و چاودێریکردنی پڕۆسەکە.
3- هاوئاهەنگیی هەرێمی: یونامی هاوئاهەنگی لەنێوان عێراق و دراوسێکانیدا دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان باش بن و ئاشتی و ئارامی ناوچەکە بپارێزرێت.
4- مافەکانی مرۆڤ و چاکسازیی یاسایی: یونامی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات و پشتیوانی لە پەرەپێدانی سیستمێکی دادوەریی بەهێز بۆ عێراق دەکات.
5- یارمەتیی مرۆیی: ئەگەرچی یونامی راستەوخۆ هیچ یارمەتیەکی مرۆیی دابەش ناکات، لە نێوان حکومەتی عێراق و رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسەکانی یوئێندا کار دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی بگاتە کەسانی پێویست.
6- یەکسانیی بۆ ژنان: یونامی داکۆکی لە بەشداریپێکردنی ژنان لە سیاسەت و کۆمەڵگەی عێراقدا دەکات.
7- پرسە دەستوورییەکان: یونامی یارمەتیی حکومەتی عێراق دەدات لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە دەستوورەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ