رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێک کە خۆی بە سەربەخۆ ناودەبات، لەبارەی دەنگدان بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هۆشداری دەدات و بە "پێشینەیەکی مەترسیدار" ناوی دەبات و دەڵێت، لە دادگەی باڵای فیدراڵی تانە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ دەدات.
رۆژی دووشەممە، ئەمیر مەعموری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار کە خۆیان بە سەربەخۆ ناو دەبەن لە باڵەخانەی پەرلەمان، رایگەیاند: "ئێمە دژی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە نین بەپێی رێگا یاسایی و دەستوورییەکان، هەڵەبجە قوربانی و شەهیدی داوە، بەڵام لەهەمانکاتدا داواکاری پێشکێشکراوە بۆ رەتکردنەوەی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە".
ئەمیر مەعمووری کە نوێنەری پارێزگای بابلە گوتی: "سەیرمان دێت کە پەرلەمان هەڵەبجەی کردە پارێزگا نەک پارێزگاکانی دیکە، نازانین ئەو پێوەرانە چین کە پەرلەمان پشتی پێبەستووە لە دروستکردنی پارێزگاکاندا".
ئەو پەرلەمانتارە ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە "مەترسیدار" ناودەبات و دەڵێت: "پەرلەمان دەسەڵاتی بە ئەنجوومەنی وەزیران داوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە لەبەردەم پێشینەیەکی زۆر مەترسیدارداین و رەنگە پارێزگایەک دابەش بکرێت بۆ چوار یان پێنج پارێزگا".
ئەو پەرلەمانتارە هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات و دەڵێت: "ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا روویدا وامان لێدەکات بەپێی رێگا یاساییەکان روو لە دادگای باڵای فیدراڵی بکەین، بەڵگەمان هەیە کە ژمارەی پەرلەمانتاران لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەواو نەبووە و دانیشتنەکە رێژەی یاسایی تەواو نەبووە".
ئەمڕۆ دووشەممە 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە دەنگ بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19یەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و نوێنەری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرسێک تانەی لێدەدات، بابچێت تانەی لێبدات. ئەوکات دادگەی فیدراڵی بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە دڵخۆشین کە لە ئەنجامدا دەنگدانەکە کرا".
عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای بەسرە کە خۆی بە سەربەخۆ ناودەبات گوتی، "ڕێژەی یاسایی تەواو نەبوو، دەنگدانەکانی ئەمڕۆ نایاسایی بوو". هەروەها بەگوتەی رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی کە ئەویش خۆی بە سەربەخۆ ناودەبات، "لە کاتی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، رێژەی یاسایی تەواو نەبوو".
بەڵام چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رەتیکردەوە ڕێژەی یاسایی نەبووبێت و بە رووداوی گوت: "لەکاتی دەنگدانەکە 178 پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە و دانیشتنەکە هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە".
چرۆ حەمەشەریف، گوتی، "بەشێك لە شیعە و سوننەکان لەگەڵمان بوون و دەنگیان دا، بەڵام ژمارەیان کەمبوو".
مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی نەکرد و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەم دوای کردنەوەی دانیشتنەکە و کاتێک هاتە سەر دەنگدان بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگەی گرتەوە و دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "بەداخەوە هەندێک فراکسیۆنی سیاسی کە دۆستی ئێمە بوون، کاتێک لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانمان کردوون، بەڵێنیاندابوو دەنگی بۆ بدەن و تەنانەت ئامادەییان دەربڕی لەبری ئێمەش لەنێو پەرلەمان قسە بکەن، بەڵام بەداخەوە بە پاساوی جۆراوجۆر ویستیان دانیشتنەکەی پەرلەمان تێکبدەن".
تەلعەفەریش دەبێتە پارێزگا؟
هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە هەر لە سەرەتاوە دەنگدانیان بە پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، بە هێنانە کایەی "پارێزگای تەلعەفەر"، گرێداوە، کە قەزایەکی زۆرینە شیعەنشینە، بەڵام نوێنەرە سوننەکانی نەینەوا دژی ئەو بیرۆکەیەن،
ئەحمەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری عەرەبی سوننە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەواییدا لە تەلاری پەرلەمان پیرۆزبایی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی کرد و گوتی، لەکاتێکدا پیرۆزبایی لە خەڵکەمان لە هەڵەبجە دەکەین کە بووە 19هەمین پارێزگا، بەڵام بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە ئەمە بۆ پارێزگای نەینەوا درێژبێتەوە و تەلعەفەر و دەشتی نەینەوا دابەش بن، ئەمڕۆ هەوڵێک هەبوو نەینەوا بخزێنە نێو ئەو دۆخە کە بەهیچ شێوەیەک ئێمەی پێی رازی نابین ، دابەشکردنی نەینەوا سەرەتای دابەشکردنی عێراقە".
ئەحمەد جبووری، کە نوێنەری پارێزگای نەینەوایە گوتی "هەڵەبجە دۆخێکی تایبەتی هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین لە نەینەوا پارێزگای نوێ دروست بکرێت، لە رووی دەستووری،ئەخلاقی، ئایین جەماوەریی قبوڵکراونییە و رەتدەکرێتەوە، عێراق لەسەر بنەمای پێکهاتەکان دابەش ناکرێت، ناکرێت هەر ناوچەیەک پێکهاتەیەکی تایبەتی هەبێت دابەش بکرێت و بکرێتە پارێزگا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ