رێژەی 65٪ـی زیارەتکارانى ئێرانی لە پارێزگایەکى رۆژهەڵاتى کوردستانەوە دەچنە نێو عێراق

30-08-2023
هەستیار قادر
هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی زرباتیەوە
هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی زرباتیەوە
نیشانەکردن زیارەتکارانی ئێرانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەروازەی زرباتیە، رێگەى سەرەکیی زیارەتکارانى رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە بۆ عێراق، 65٪ـی زیارەتکاران لەو دەروازەیەوە دەچنە عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەى ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە شارى کەربەلا.
 
دەروازەکە لەنێوان پارێزگاى واست لە عێراق و پارێزگاى ئیلامى رۆژهەڵاتى کوردستاندایە؛ لەدیوى عێراق ناوى زرباتیە و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستان ناوی مێرانە.
 
زیارەتکارێکی ئێرانی دەڵێ "لە شارى ماکۆى سەر بە پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژئاوا هاتووم، چانسى ئەوەم هەبوو لەگەڵ هاوگەڕەکەکانم بێم. لە رێگەى دەروازەى سنووریى میهرانەوە هاتووین. زۆر بە باشی پێشوازیمان لێکرا و ئەمە یەکەمینجارە بەشدارى دەکەم و هیوادارم ساڵانى داهاتوو بێمەوە."
 
لە سەرەتای مانگى ئابەوە، زیارەتکاران دەستیان بە چوون بۆ عێراق کردووە؛ ئەم ساڵ چلەى ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە شەشى ئەیلوول دەبێت و بە گوتەى بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار ئێرانی بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن چوونەتە نێو عێراق. 
 
عاتف ناجى، بەڕێوەبەرى دەروازەى سنووریی زرباتیە دەڵێ "دەروازەى سنووریی زرباتیە یەکێکە لە دەروازە گرنگ و سەرەکییەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانى ئێران، 65%ـی زیارەتکارانى ئێران لەم دەروازەیەوە دێنە عێراق. لە 18ـی ئاب تاوەکو 27ـی ئاب زیاتر لە 650 هەزار زیارەتکار لە زرباتیەوە هاتوونەتە عێراق."
 
ساڵانە نزیکەى 20 ملیۆن هاووڵاتى شیعە لە رێوڕەسمی چلەى ئیمام حوسێندا بەشدار دەبن کە زیاتر لە چوار ملیۆنیان هاووڵاتییانى ئێرانین.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە