رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، داوایەکی بەپەلەیان ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کردووە بۆ ئەوەی دوو وەزیر و دوو بەڕێوەبەری گشتیی ئامادەی دانیشتنێکی لیژنەکەیان ببن. هەروەها یەکێک لە پرسەکانیش هێرشەکانی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە، 29-5-2022، سەگڤان یوسف، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بوونی ژمارەیەک پرسی گرنگ و رووداوی خێرا داوایەکی بەپەلەمان ئاراستەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی رەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرانی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە لیژنەکەماندا میوانداری بکرێن."
لەبارەی ئەو پرسانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، سەگڤان یوسف گوتیشی، "ژمارەیەک پرسی گرنگ و خێرا هەیە لەوانە، پرسە ئەمنییەکان و هێرشەکانی تورکیا و بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکان بۆ سەروەریی عێراق، لەگەڵ زۆربوونی رووداوە ئەمنییەکان و کوشتن و بەیەکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هۆزەکان. هەروەها پرسی بڵاوبوونەوەی زیاتری ماددەی هۆشبەر و پڕۆژەیاسای خزمەتکردنی ئاڵا کە خزمەتی سەربازییە، لەگەڵ هەمواری یاسای خانەنشینی و چەندین پرسی دیکە."
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی بەرگریی و ئاسایش، شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق باسدەکەن، ئەو پێشێلکارییانەش باسدەکەن کە بەهۆی ئەو شەڕانەوە بۆسەر سەروەریی عێراق دەکرێت.
هێرشەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و شەڕکردنی لەگەڵ پەکەکە بەردەوامە. بەگوێرەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی چۆڵکردنی نزیکەی 800 گوند و زیان گەیاندن بە بەشێک لە پڕۆژەکان و شەهیدبوونی هاووڵاتییانی سڤیل و نائارامی لە ناوچەکانی شەڕ.
سەبارەت بە وادەی ئامادەبوونی ئەو بەرپرسانەی پەرلەمانی عێراق داوایکردووە، سەگڤان یوسف گوتی، "هێشتا هیچ وادەیەک دیارنەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ