بۆ پاڵپشتیکردن لە هەڵبژاردەی عێراق سوودانی کاژێرێک دەوامی دامەزراوەکان کەمدەکاتەوە

28-01-2024
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا سبەی دووشەممە، 29-1-2024، لە سەرجەم فەرمانگەکانی عێراق کاژێر 2ـی دوای نیوەڕۆ دەوام کۆتایی بێت، واتە کاژێرێک کەمتر.
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراقدا هاتووە، بڕیارەکە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان لە یارییەکەی عێراق بەرامبەر ئوردن لە چوارچێوەی جامی هەڵبژاردەکانی ئاسیادا پشتیوانی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بکەن.
 
لە جامی ئاسیای 2023ـدا 24 هەڵبژاردە بەسەر شەش گرووپدا دابەشبوون. هەڵبژاردەی عێراق لە گرووپی D لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئیندۆنیزیا، ژاپۆن و ڤێتنام دەرکەوت.
 
پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە پێشبینییەکان، هەڵبژاردەی عێراق توانی لە هەموو هەڵبژاردەکانی گرووپەکەی بباتەوە و بە 9 خاڵەوە خۆی بگەیێنێتە قۆناخی 16 و لەسەر ئەو بنچینەیەش رۆژی دووشەممە، کاژێر 14:30 رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوردن دەبێتەوە.
 
خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی یارییەکە دەڵێت، "بۆ هەردوو هەڵبژاردە زەحمەت دەبێت. ئێمە تاکە هەڵبژاردە نین لە هێڵی بەرگرییدا باشین؛ ئوردنییەکانیش بەهەمان شێوەن و ئەوانیش بۆ یارییەکە ئامادەن."
 
ژاپۆن وەک یەکێک لە پاڵێوراوە زۆر بەهێزەکانی ئەو جامە دەبینرێت، بەڵام هەڵبژاردەی عێراق توانی بە ئەنجامی 2-1 بیباتەوە کە تێیدا ئەیمەن حوسێن هەردوو گۆڵەکەی کرد و تائێستا بە کۆکردنەوەی پێنج گۆڵ گۆڵکاری هەڵبژاردەکە و پاڵەوانێتییەکەیە.
 
بردنەوەکەی عێراق مێژوویی بوو، چونکە ژاپۆن 10 یاری بوو نەدۆڕابوو؛ هیچ هەڵبژاردەیەک بەدرێژایی ساڵی 2023 لە ژاپۆنی نەبردبووەوە؛ 26 یاری بوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا ژاپۆن نەدۆڕابوو.
 
عێراق بووە یەکەم هەڵبژاردە لە 25 ساڵی رابردوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیا شکست بە ژاپۆن بهێنێت و لە ساڵی 2021ـەوە عێراق یەکەم هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیایە لە شینپۆشەکانی ژاپۆن بباتەوە.
 
دوای یارییەکە، هەژماری فەرمیی جامی جیهانی لە تۆڕی فەیسبووک بە زمانی عەرەبی پۆستێکی کرد، "ئەوە چ یارییەک بوو؟"
 
هەڵبژاردەی عێراق لە ساڵی 2007 توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بە گۆڵێکی یونس مەحموود لە سعودیە بباتەوە و جامی ئاسیا بەرز بکاتەوە.
 
جامی ئاسیا هەموو چوار ساڵێک لەلایەن کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە رێکدەخرێت و لە ساڵی 1965ـەوە بەردەوامە.
 
جامی ئاسیای 2023 وەشانی 18ـەمی جامەکەیە و ئەم ساڵ لە قەتەر بەڕێوەدەچێت. یەکەم یاریی جامی ئاسیای قەتەر لە 12-1-2024 کرا و بڕیارە یاریی کۆتایی لە 10-2-2024 بکرێت. هەڵبژاردەکان لە نۆ یاریگای نێو پێنج شاری قەتەڕ رووبەڕووی یەک دەبنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە