واژۆ بۆ بەپارێزگابوونی تەلەعفەر کۆدەکرێتەوە

05-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شیعەکان دەیانەوێ تەلەعفەر بکەنە پارێزگا و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر 150 واژۆ کۆکراونەتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوادەکات لەبری تەلەعفەر، شنگال بکرێتە پارێزگا. 
 
موختار موسەوی، نوێنەری قەزای تەلەعفەر لە پەرلەمانی عێراق کە سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتە دەکات، تورکمانێکی شیعە مەزهەبە و نزیکە لە هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر و بەگوتەی خۆی زیاتر لە 150 واژۆی کۆکردوونەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەلەعفەر گەورەترین قەزایە لە هەموو عێراق، زۆربەی دانیشتووانەکەی تورکمانن، لەلایەن ئیدارەی پارێزگای نەینەواوە ستەمێکی زۆری لێدەکرێت، چ لە رووی نەتەوەیی و چ لە رووی مەزهەبییەوە؛ بۆیە دەمانەوێت کۆتایی بەو ستەمە بێت و ببینە پارێزگا".
 
ئەو نەخشەیەی کە وەک سنووری پارێزگاکە پێشنیاز کراوە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە کە بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان لەخۆدەگرێت وەک شنگال و زوممار، واتە نزیکەی نیوەی سنووری ئێستای پارێزگای نەینەوا.
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی  فراکسیۆنی یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا باس نەکراوە، بەڵام بەپارێزگابوونی تەلەعفەر دەرگا بۆ بەپارێزگابوونی شوێنی دیکە دەکاتەوە، لەوانە دەشتی نەینەوا کە دەکرێت داوای بەپارێزگابوون بکات".
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئەگەر تەلەعفەر بکرێتە پارێزگا، هەموو ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان لە سنووری مادەی 140ن و ئەوەش بە گوێرەی دەستووری عێراق نابێت و پێویستە چارەنووسیان یەکلابکرێتەوە.
 
محەممەد جاسم کاکەیی دەڵێت: "لە بەرامبەر ئەو قوربانییەی داویەتی، ئەگەر شنگال بکرێتە پارێزگا و تەلەعفەر بکرێتە بەشێک لەو پارێزگایە لاریمان نابێت، بەڵام بەم شێوەیەی ئێستا کە تەلەعفەر بکرێتە پارێزگا و ناوچەکانی مادەی 140 بگرێتەوە رازی نابین".
 
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان، بەگوتەی موختار موسەوی، سوننەکان دژی ئەو هەنگاوەن، بەڵام هەڵوێستی کورد تاوەکو ئێستا باشە؛ 11 پەرلەمانتاری کوردیش واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە. 
   
تەلەعفەر یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای نەینەوا و دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگاکە، سنوورەکەی لە باکوور دهۆك، لە رۆژئاوا قەزای شنگال، لە رۆژهەڵات قەزای موسڵ و قەزای حەزەر لە باشوورە؛ سێ ناحیە لە خۆدەگرێت کە بریتین لە زومار، رەبیعە و عیازییە. 
 
بەشێک لە پەرلەمانتارەکە کوردەکانیش واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە.
 
سروە محەممەد، یەکێک لەو پەرلەمانتارە کوردانەی واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا واژۆمان لەسەر سەنتەری تەلەعفەر کردووە ببێتە پارێزگا؛ رازی نین هیچ ناوچەیەکی کوردستانی بگرێتەوە".
 
 ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری قەزای تەلەعفەر 320 هەزار کەسە، ساڵی 2014 نووری مالیکی کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، رەزامەندی لەسەر بەپارێزگابوونی تەلەعەفەر دەربڕی و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش لەو ساڵەدا پەسندی کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە