رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالە پێویستی بە نۆ دەنگی ئەنجوومەنە، بەڵام شیعەکان لەسەر هەڵبژاردنی بەربژێرێک ناکۆکن، ئەندامێکی ئەو ئەنجوومەنەش دەڵێت، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە تاوەکو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکە نەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پۆستی پارێزگار بۆ 'رعد الدلهگی' سوننە مەزهەب یەکلایی کراوەتەوە
ئەوس مەهداوی، ئەندامێکی پارێزگای دیالەیە و نوێنەرایەتیی کورد دەکات لە پارێزگاکە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک خۆی دەڵێت: "بە تەلەفۆن، بە پەیوەندیی دەنگی و بە ژمارە تەلەفۆنی نەناسراوی نایاسایی هەڕەشەم لێ دەکەن. بەڵام ئەمە کار لە پێداگری و خۆڕاگریمان ناکات. لە هەموو لایەنە سیاسییەکان نزیکین و نامانەوێت ببینە بەشێک لە ناکۆکی. سیاسەتی ئێمە سیاسەتی کۆچکردووی نەمر، مام جەلالە کە مەرجعیەتیش پەسنی کردووە و بە کلیلی ئارامیی هەموو عێراق ناویبردووە."
فارس جبووری، ئەندامێک دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە لە هاوپەیمانیی سەروەری (سوننەکان) بە رووداوی گوت: "هەڕەشەکان هیچ نین، لەم یەک دوو رۆژە گرێ کوێرەی پارێزگار دەکرێتەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەبژێرێت."
"ژمارەی کورسییەکان زۆر لە یەک نزیکن، لایەنێک حەوت و لایەنێکی دیکە هەشت کورسی هەیە، زۆر سەختیشە خۆیان رێکبکەون، هیچ کەسێکیش لە تیمێکەوە ناچێتە نێو ئەوەی دیکە. سەبارەت بە کاتی دانیشتنی نوێش، دوێنێ دوایین وادە بوو، رێککەوتنێک هەبوو بۆ ئەوەی بە ئامادەیی پێنج ئەندامی برایانمان لە فراکسیۆنی شیعە دانیشتنەکە بکرێت، نەتوانرا ئەو ژمارەیە کۆبکرێتەوە، بۆیە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ماڵی حاجی سەلمان هێبی کرا." ئەمە بەپێی گوتەی فارس موزاحیم جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
لەبارەی ئەو هەڕەشانەی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کراون، عەقید هەیسەم سەلمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لەسەر ئەو بابەتە سکاڵای لە پۆلیس تۆمار نەکردووە."
تاوەکو رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، کەریم علی کە کوردە بەوەکالەت کرابووە پارێزگاری دیالە، بەڵام ئەنجوومەنی دەوڵەت، موسەنا تەمیمیان لە پێکهاتەی عەرەب کردە پارێزگاری بەوەکالەت. لەکاتێکدا حەوت ساڵە لەکەرکووک بۆشایی پارێزگار هەیە و ئەنجوومەنی دەوڵەت هیچ بڕیارێکی لەبارەوە نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ