شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

23-01-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی راگەیاند، پێش کۆبوونەوەکەش لە چوارشەممەی داهاتوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان کۆدەبیتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیای پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی پەرلەمان رۆژی چوارشەممە 24-01-2024 لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و دانیشتنی پەرلەمانیش رۆژی شەممە 27-01-2024 بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە بەرنامەی کاری پەرلەمان نەکراوە. 
 
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق 13-01-2024 بوو کە یەکەم دانیشتنی بوو لە ساڵی نوێدا و تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 314 پەرلەمانتار. کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کرا.
 
هەریەک لە شەعلان کرەیم، لە تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سالم عیساوی لە سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی و تەڵاڵ زەوبەعی لە هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائی و عامر عەبدولجەبار کە وەک سەربەخۆ و شیعەیە خۆیان بەربژێرکرد؛ عەبدولرەحیم شەممەریش لە سوننە هەر لەسەرەتاوە لە خۆبەربژێرکردن پاشەکشەی کرد. براوە پێویستی بە 165 دەنگ بوو؛ لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا هیچ بەربژێرێک دەنگی پێویستی نەهێنا و ئەنجامەکە بەم شێوەیە بوو: 
 
ئەنجامی گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 13-1-2024:
 
شەعلان کرەیم؛ 152 دەنگ
سالم عیساوی؛ 97 دەنگ
مەحموود مەشهەدانی؛ 48 دەنگ
عامر عەبدولجەبار؛ 6 دەنگ
تەڵاڵ زەوبەعی؛ 1 دەنگ 
پووچەڵ؛ 10 دەنگ 
 
موحسین مەندەلاوی بۆ ماوەیەک دانیشتنی پەرلەمانی راگرت، بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دەنگدان بکرێت، بەڵام لەم نێوەندەدا بەشێک لە پەرلەمانتاری شیعە لە دژی شەعلان کرەیم دەنگیان هەڵبڕی و، گوتیان بەعسی بووە و ستایشی سەدامی کردووە، نابێت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان. 
 
موحسین مەندەلاوی بڕگەیەکی نوێی بۆ کارنامەی پەرلەمان زیادکرد، ئەویش هەموارکردنی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان بوو بۆ گەڕاندنەوەی دەستەواژەی "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان" لەبری "سەرۆک و، هەردوو جێگرەکەی" بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بۆ هەموو دەستەکە بە گشتی بێت نەوەک تەنیا بۆ سەرۆکی پەرلەمان، کە ئەمە سوننەکانی نیگەران و تووڕە کرد؛ گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، لەئەنجامدا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەنەچوو و دانیشتنی پەرلەمان بەبێ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.