بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سبەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات

12-08-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوایین رۆژی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. بەرپرسێکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، لە سبەیەوە بۆ ماوەی مانگێک نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.
 
رۆژی شەممە 12ـی ئابی 2023، بۆتان شێرکۆ جاف، بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دوایین رۆژە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
 
بۆتان جاف گوتیشی، تاوەکو هەفتەی رابردوو، نزیکەی شەش هەزار ئاوارەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆماری دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە، هاوکات نزیکەی دوو هەزار کوردی ئێزدیش تۆماریان نوێ کردووەتەوە.
 
بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە بەغداوە پەیوەندییان پێوەکراوە کە لە سبەیەوە بۆ ماوەی یەک مانگ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێبکات کە تایبەت بێت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "بڕیارە سبەی بە نووسراوی فەرمییش ئاگاداربکرێینەوە بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە بەڕێوەبچێت. 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،  دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.