رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "قارەمانانە و ناوازە"ی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا، والیی داعش لە عێراق و هەشت فەرماندەی باڵای رێکخراوەکە کوژراون. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کراوە.
سوودانی ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە لایەن هێزی دژە تیرۆری نیشتمانی و بە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە زنجیرەی چیای حەمرین لە پارێزگەی سەڵاحەدین حەشارگەیەکی داعشی کردووەتە ئامانج.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "تیرۆر شوێنی لە عێراقدا نابێتەوە. تا حەشارگەکانیان راویاندەنێین و لەنێویاندەبەین، تاوەکو خاکەکەمان لە کارە چەپەڵەکانیان پاکدەکرێتەوە."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، لە رووی هەواڵگرییەوە یارمەتیی هێزە عێراقییەکانی داوە.
سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، دوای تەواوبوونی پشکنینی دی ئێن ئەی، پشتڕاستبووەتەوە کە جاسم مەزروعی، ناسراو بە ئەبو عەبدولقادر، والیی داعش لە عێراق، واتە سەرکردەی هەرە گەورەی گرووپەکە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوەبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکەیاندا، حەشارگە و شوێنێکی دروستکردنی چەکی رێکخراوە پەڕگیرەکەیان بە تەواوی وێرانکردووە. هەروەها جەختدەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش بەردەوامن.
کوژرانی ئەو سەرکردانە، گورزێکی گەورەیە بۆ ریزەکانی فەرماندەیی داعش لە عێراق.
راگەیاندنی هەواڵی ئەو ئۆپەراسیۆنە سێ رۆژ دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، سوپای عێراق لە "باکووری رۆژهەڵات"ی وڵاتەکە "سەرکردەیەکی باڵا" و سێ چەکداری داعشیان کوشتووە.
رۆژی هەینی، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 14ی تشرینی یەکەم، بە هێرشی ئاسمانیی ورد لە باکووری رۆژهەڵاتی عێراق چوار ئەندامی رێکخراوی تیرۆرستیی داعشیان کوشت، لەنێویاندا سەرکردەیەکی باڵا."
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بە فڕۆکەی جەنگیی F16، لە 14ی تشرینی یەکەم لە کەرکووک، چوار ئەندامی داعشیان کوشتووە، کە یەکێکیان "سەرکردەیەکی گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ