هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار

22-10-2023
نیشانەکردن بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق هێرشی کرایە سەر.
 
سەرچاوەیەکی سەربازی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 01:30، هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد. 
 
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، هێزەکانی ئەمریکای تێدا دەمێننەوە. 
 
لەبارەی ئەوەی 'هێرشەکە بە چی کراوە؟' سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوت، بە مووشەک هێرشەکە کراوە و دەنگی تەقینەوەیەکیش لەنێو بنکەکەدا بیستراوە. 
 
لە چوارشەممەی رابردووەوە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شاری هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە. 
 
تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبوونەوە، بەڵام هاوینی هەمان ساڵ، عێراق جۆرێک سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی و هێرشەکان وەستان. 
 
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
 
هێرشەکان لەکاتێكدان، رۆژی 7ـی مانگ چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و ئەوەش وایکرد، سوپای ئیسرائیل شەڕ دژی ئەو گرووپە چەکدارە رابگەیێنێت. 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندینجار دووپاتیکردوەتەوە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات بۆ سەرکەوتنی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا کە تەلئەڤیڤ دەڵێت، ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی حەماس.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە