عێراق هاوردەکردنی نۆ بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەخە دەکات

22-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، هاوردەکردنی نۆ بەرهەمی قەدەخە کرد. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەوە پەیوەندیی بە سیاسەتی حکومەتی عێراقەوە هەیە و هەرێمی کوردستان رۆژنامەی کشتوکاڵی خۆی هەیە. 
 
رۆژی دووشەممە 22-05-2023، کۆبوونەوەی ژمارە 15ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان، دارایی، پیشەسازیی، کشتوکاڵ، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، راوێژکارانی سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری و یاسایی و سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان بە وەکالەت بەڕێوەچوو. 
 
لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی بڕیاریدا هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە قەدەخە بکرێن: (تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، کولەکە، باینجان، شووتی، کاڵەک و بامیە)، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەردەستە بۆ دابینکردنی پێویستی بازاڕ. 
 
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە 22-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە پەیوەندی بە سیاسەتی حکومەتی عێراقەوە هەیە، پەیوەندیی بە سیاسەتی ئێمەوە نییە، لە رۆژنامەی کشتوکاڵیدا لەگەڵ پێگەیشتنی ئەو بەرهەمانە باجمان خستووەتە سەریان." 
 
هیوا عەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆ دەکەن. هەرێمی کوردستان بەرهەمێکی زۆری (تەماتە، پەتاتە، خەیار، پیاز، کولەکە، باینجان، شووتی، کاڵەک و بامیە)یان هەن لە دوای 15ی مانگی 5وە دەکەونە بازاڕەوە. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "رۆژنامەی کشتوکاڵی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکراوە و کاری پێدەکرێت، ئێمە لەگەڵ سیاسەتی باجین. سەبارەت بە پەتاتە قەدەخەکراوە، بەوپێیەی زیاتر لە 500 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەیە." 
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەر لە کۆبوونەوەکەدا، میوانداری هەریەک لە بەڕێوەبەرانی بانکەکانی رافیدەین و رەشید و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی کرد، گوێی گرت لە ئاستەنگ و کێشەکانیان کە رووبەڕوویان دەبنەوە لە کارەکانی پرۆژەی بەسمایە و میکانزمەکانی قەرز و دانەوەیان لەلایەن سوومەندبووانی پرۆژەکە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە