سوودانی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەسەر دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێککەوتن

22-05-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێککەوتنی بەراییان کرد، بۆ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. 
 
د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژی دووشەممە 22-05-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کۆبووەوە، تێیدا پشتیوانی خۆی بۆ سەرجەم رێکارەکانی کۆمیسیۆن دووپاتکردەوە لە ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. 
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن گوتی، "هەردوولا رێککەوتنی بەراییان کرد کە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەو کارە چاوەڕێی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەکەین." 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، ‌حكومه‌ت كارده‌كات بۆ دابینکردنی هه‌موو پێداویستیه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی ته‌واوكردنی كاری كۆمیسیۆن، پشتگیری خۆی بۆ ئه‌و ده‌زگا ده‌ستوورییه‌‌ "گرنگ و سه‌ره‌كییه‌ له‌ناو سیستمی دیموكراسی" دووپاتكرده‌وه‌.  
 
هەروەها سوودانی جه‌ختی له‌وه ‌كرده‌وه‌، "پاكی و بێگەردی له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كین بۆ پاراستنی پیشه‌یی كۆمیسیۆن و بێلایه‌نی لە کارەکانیدا. ‌‌پێویسته‌ كراوانه‌ به ‌روویی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌بێت و مه‌ترسییه‌كان بڕەوێنرێنەوە، ئه‌و تێبینیانه‌ش وەربگیرێن كه ‌پشتگیری له‌ كاری كۆمیسیۆن ده‌كه‌ن." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایكرد كاربكه‌ن بۆ پته‌وكردنی متمانەی هاووڵاتییان به ‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئەنجامەکانی و گوتیشی: "حكومه‌ت هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌م به‌مه‌به‌سته‌ و ئه‌ركی ده‌زگا حكومییه‌كانه‌ هه‌موو تواناكانی خۆیان بخەنە‌گەڕ بۆ رێگری له‌هه‌ر یاریكردنێك، یان ره‌فتارێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا كه ‌كاریگه‌ری بکاتە سەر ئه‌نجامه‌كان، یان رێگری له‌ كاری كۆمیسیۆن بكات." 
 
رۆژی 27-3-2023 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت. هەر لە هەمان کۆبوونەوەدا رۆژی 6ى تشرینى دووەمى 2023ى وەک رۆژی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دیاری کرا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە