رووداو دیجیتاڵ
رەحیم ئەبو رغیف، بیرمەندى شیعەى عێراق رایگەیاند: کاتێک چووە بۆ وانەگوتنەوە، چەند کەسێکى نەناسراو لە بەغدا هەوڵى کوشتنیان داوە.
ئەمڕۆ شەممە 22ـی ئادارى 2025، رەحیم ئەبو رغیف بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: هەوڵى کوشتنەکە کاژێر 8:30ـی ئێوارەى دوێنێ هەینى بووە، کاتێک چووە بۆ ناوەندێک لە ناوچەى کەڕادەى بەغدا بۆ ئەوەى وانە بڵێتەوە.
ئەو بیرمەندە شیعەیە دەڵێت: "کە چوومە شوێنى وانە گوتنەوەکە؛ نەیانهێشت دابەزم، هێزى ئەمنى و کەسانى دیکەم بینى، هەستم کرد دۆخەکە ئاڵۆزە و شتێک هەیە! چەند کەسێکى دەمامکدار لەوێ بوون و پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەرم و بمکوژن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان و ئەو گەنجانەى لەوێ بوون رێگرییان لێکردن."
رەحیم ئەبو رغیفی 63 ساڵان، بیرمەندێکى ئایینى شیعەى عێراقە، لە خوێندنگە ئایینییەکانى نەجەف خوێندوویەتى.
ئەو بیرمەندە ئاماژەى بەوەدا، تاوەکو ئێستا نازانێت کێ بوون ئەوانەى هەوڵى کوشتنیان داوە یان کام لایەنى لە پشتەوە بووە. گوتى "ئەو پرسە لەلاى هێزە ئەمنییەکانە و لێکۆڵینەوەى لێدەکەن" .
پێشتر لە پێنجى کانوونى دووەمى 2010، رەحیم ئەبو رەغیف لە بەغدا لە بە برینداری لە هەوڵێکى کوشتن رزگاری بوو، بۆ ماوەى سێ مانگ لە نەخۆشخانە مایەوە.
رەحیم ئەبو رغیف لە چاوپێکەوتنێکى تۆڕى میدیایی رووداو کە یەکى تشرینى دووەمى 2024 لەگەڵیدا ئەنجامدرابوو، باسی لە ناکۆکییە ئایینى و مەزهەبییەکان کرد و گوتى، "عێراق دەوڵەتێکە لەو رۆژەوەی خودا مرۆڤی ئافراندووە هەمەجۆر و فرەلایەنە، ئەمە شتێکە دەبێت دەستەبژێری سیاسی ئاوڕی لێبدەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ