رووداو دیجیتاڵ
دەستەى شەهیدانى عێراق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات ئەو هەزار و 833 کەسەی لە پشکى کەسوکارى شەهیدان ناویان بۆ فەریزەى حەج تۆمار کردووە، مەرجى تەمەن نەیانگرێتەوە کە لەلایەن سعودیەوە دانراوە.
ئەو دەستەیە، رۆژی پێنجشەممە 20ـی ئادارى 2025، بە نووسراوى فەرمى ئەو داوایەى ئاراستەى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە.
دەستەى شەهیدان ئاماژەى بەوەداوە، دەستەی حەج و عومرە بە نووسراو ئاگادارى کردوونەتەوە دەبێت ئەو کەسانەى لەسەر پشکى کەسوکارى شەهیدان ناویان بۆ فەریزەى حەج هاتووەتەوە و تەمەنیان 70 ساڵ زیاترە، بگۆڕدرێن یان سازشى لێ بکەن، بەڵام ئەوان داوا دەکەن ئەو مەرجە پشکى کەسوکارى شەهیدان نەگرێتەوە.
ئەو هەنگاوەى دەستەى شەهیدانى عێراق دواى ئەوەهات کە دەستەى حەج و عومرە رایگەیاند، وەزارەتى حەج و عومرەى سعودیە بڕیاریداوە رێژەى حاجییانى بەتەمەن کە لەدایکبووى ساڵى 1954 یان زیاترن، تەنیا 7%ـی تێکڕاى ژمارەى پشکى ئەو کەسانە بێت کە ئەمساڵ دەچن بۆ حەج.
ئەمڕۆ هەینى 21ـی ئادارى 2025، شێخ دلێر بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری حەج و عومرەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند،"تاوەکو ئێستا سەرۆکوەزیران بڕیارى لەسەر ئەو پرسە نەداوە."
بەگوێرەى بڕیارى دەستەى جەج و عومرە، ئەو کەسانەى ناویان لە لیستى وەرزى حەجى ئەمساڵە و مەرجى تەمەن رێگر دەبێت، دەتوانن یان دواى بخەن بۆ وەرزێکى دیکە یان سازشى لێ بکەن بۆ یەکێک لە کەسوکاریان.
شێخ دلێر بەرزنجی گوتى، "ئێمە چاوەڕێى ئەوەین، ئەگەر بڕیار بدرێت ئەو مەرجەى تەمەن کەسوکاری شەهیدان نەگرێتەوە، زیاتر کاریگەرى لەسەر ژمارەى حاجى ئاسایی دەبێت" .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ