نوێنەرى سکرتێرى UN بۆ عێراق: سەرژمێرى گەرەنتیی دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهاتە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق رایگەیاند، سەرژمێرى هەنگاوى گرنگە بۆ داهاتووى عێراق و گەرەنتیی ماف و گەیشتنە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و، دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهات لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا.
 
محەممەد حەسسان، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکى نێردەى ئەو رێکخراوە بۆ هاوکاریکردنى عێراق (یونامى) ستایشى سەرژمێریکردنی گشتیى دانیشتووانى کرد و گوتى، "عێراق بە قۆناخێکى مێژووییدا تێپەڕدەبێت، ئەوەى ئەمڕۆ بینیمان هەنگاوگەلێکى گرنگن بۆ داهاتووى عێراق." 
 
ئەو گوتانەى محەممەد حەسسان لەکاتى یاوەریکردنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بوو بۆ ناوەندى ئۆپەراسیۆنەکانى سەرژمێریى گشتیى دانیشتوان لە وەزارەتى پلاندانان، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 20ـی تشرینى دووەمی 2024) لە یەکەم رۆژى سەرژمێریدا سەردانی ناوەندەکەی کرد.
 
نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق گوتى، "ئەم سەرژمێرییە، بۆ گەشەپێدانە و پێشکەوتنى وڵاتان بەشێوەیەکى بنەڕەتى پشت بە سەرژمێرى دەبەستێت. ئەوەى ئەمڕۆ بینیمان کارێکى پیشەگەرانە بووە کە جەخت لەسەر متمانە بە پرۆسەکە و جێبەجێکردنى دەکاتەوە، بەهاوکاریی تەکنیکیی سندووقى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان بووە." 
 
بۆ یەکەمجار لە دواى 37 ساڵ سەرژمێریى گشتیى دانیشتوان لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت، رۆژانى 20 و 21ـى تشرینى دووەم بۆ تۆمارکردنى خێزانەکانە.
 
محەممەد حەسسان رایگەیاند "سەرژمێریى دانیشتووان گەرەنتى ماف و گەیشتنە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابەشکردنێکى دادوەرانەى داهات لە نێوان ناوچە جیاوازەکان."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە