رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی عێراق رەزامەندی لەسەر هێشتنەوەی ریش بۆ ئەفسەرانی کوردی ئێزدیی وەزارەتەکە دەربڕی و دەستەواژەی "رێگەی هێشتنەوەی ریشی پێ دەدرێت" لەنێو ناسنامەکانیان زیاد دەکرێت.
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقی نوێنەری ئێزدییەکانیش دەڵێت، "بڕیارەکە باشە، چونکە بەشێک لە ئێزدییەکان ریش دەهێڵنەوە".
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق ئاراستەی ئەمینداریێتی نهێنی گشتیی وەزارەتەکەی کراوە، "وەزیری بەرگری رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی دەستەواژەی (رێگە بە هێشتنەوەی ریشی پێ دەدرێت) بۆ ئەفسەران و پلەدارانی رۆڵەی ئێزدی و داوا دەکەین، ئەو نووسراوە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە ئەمینداریێتییەکەتان بنێرن".
ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە نوێنەرانی کوردانی ئێزدی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 21-5-2023) لەبارەی بڕیارەکەی وەزیری بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارێکی باشە، چونکە بەشێکی ئێزدییەکانی وەزارەتی بەرگری هێشتا ریش دەهێڵنەوە؛ ئەوە رێزگرتنە لە تایبەتمەندیی پێکهاتەیەکی گرنگ".
کوردانی ئێزدی یەکێک لە پێکهاتە دیارەکانی عێراقن، هێشتنەوەی ریش لەلایەن بەشێک لە گەنج و پیاوانی ئەو پێکهاتەیە نەریت و ئاکارێکی ئایینی هەیە؛ بەشێکی کوردانی ئێزدی کە بە زۆری لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێ بوون، پێش ئەوەی داعش لە ئابی 2014ـدا هێرشبکاتە سەر شنگال، لەنێو وەزارەتی بەرگریی عێراقدا لە پارێزگای نەینەوا و شوێنەکانی دیکەوە خزمەت دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ