رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی عێراقی لە شاری بەسرەی باشووری عێراق، سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیای نەوتی بریتش پترۆلیۆم (BP)ی بەریتانی تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی کوڕەکەی بە شێرپەنجەی خوێن گیانی لەدەستداوە، کە بە گوتەی خۆی، بەهۆی گاز و دووکەڵی کێڵگەیەکی نەوتییەوە تووشی ببوو.
ماڵی حوسێن جلوود لە نزیک کێڵگەی رومەیلەیە کە گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراقە.
حوسێن داوا لە کۆمپانیا بەریتانییەکە دەکات، قەرەبووی بکاتەوە، چونکە پارەیەکی زۆری لە دەرمان و چارەسەری عەلیی کوڕی خەرجکردبوو و ئێستا قەرزارە.
رۆژی یەکشەممە، حوسێن میوانی بووڵتەنی نیڤرۆژی رووداو بوو کە هەوار جەلالەدین پێشكێشیکرد. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، لە 15ی تەممووزی 2017 زانیبوویان کە عەلی تووشی نەخۆشییە قورسەکە بووە.
نیسانی پار، عەلی لە تەمەنی 21 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.
حوسێنی باوکی، دەیەوێت کۆمپانیای BP خەرجییەکانی چارەسەرەکەی، لە نێویدا چارەسەری کیمیایی و چاندنی مۆخی ئێسک و خەرجیی پرسەکەیشی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
22ی نیسانی ئەم ساڵ، حوسێن نامەیەکی بۆ کۆمپانیاکە نارد و تێیدا وردەکاریی داواکەی خستووەتەڕوو. ئەگەر رێکنەکەون، ئەوا دادگاییکردن دەستپێدەکات.
پیاوە 55 ساڵانەکە کە باوکی حەوت منداڵە، لە ماڵە خاکییەکەیدا دەڵێت: هیچ پارەیەک مردنی کوڕەکەی قەرەبووناکاتەوە. بەڵام "ئەوەی داوای دەکەم، مافەکەمە. من ئەم شتە تەنیا لەبەر عەلی ناکەم، بەڵکو لەبەر هەژاران، نەخۆشەکان و مردووانی ئەم ناوچەیە دەیکەم."
حوسێن هیوای ئەوە دەخوازێت، ئەگەر دۆسیەکە بباتەوە، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکان هۆشیارتر دەبن لە دەردانی گاز و دووکەڵ.
BP یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت، کە لە عێراق کاردەکەن.
کۆمپانیاکە لە بیستەکانی سەدەی رابردووەوە کە ئەوکات عێراق لە ژێر فەرمانڕەوایی داگیرکاری بەریتانی بوو، نەوت بەرهەمدێنێت.
کۆمپانیا بەریتانییەکە لە کێڵگەی نەوتی رومەیلە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای حکومیی نەوتی بەسرە کار دەکات.
ساڵی 2022، میدیای بەریتانی لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر زیادبوونی مەترسیی شێرپەنجە لە شوێنەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکان کرد و وەک بەشێك لە راپۆرتە بنکۆڵکارییەکەی، باسی لە ژیانی عەلیش کرد.
دووکەڵی رەش
حوسێن بە رووداوی گوت، لە یەکێک لە سەردانەکانیاندا بۆ نەخۆشخانە، دکتۆر لێی پرسیبوون ماڵیان لە کوێیە.
کاتێک پێی گوتبوون لە نزیک شوێنی دەرپەڕینی دووکەڵ و گاز دەژین، دکتۆر پێیگوتبوون: "بۆیە عەلی تووشی شێرپەنجە بووە."
لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق، ئەو گازەی لەگەڵ دەرهێنانی نەوت دەردەپەڕێت، دەسووتێنرێت. ئەوەش بڕێکی گەورەی دوانۆکسیکی کاربۆن، میسان و تەنووی رەش بە دەوروبەرەکەدا بڵاودەکاتەوە و تەندروستیی خەڵک و ژینگەش دەخاتە مەترسییەوە.
رێکخراوی Greenpeace Middle East and North Africa لە راگەیێندراوێکدا لە بارەی دۆسیەکەی عەلی، مانگی رابردوو گوتی، دەردانی ئەو گاز و دووکەڵانە، "ژمارەیەک ماددەی پیسی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەوە بەرهەمدێنێت، لە نێویاندا بەنزین."
بەڵام سووتاندنی گازی هاوەڵ، لە گرتنەوە و فرۆشتنی ئاسانتر و هەرزانترە.
حوسێن کە لە ماڵەکەی نزیکدەبێتەوە، دوکەڵێکی رەش دەبینێت کە لە بۆڕیێکی سووتاندنی گازی هاوەڵ بەرزدەبێتەوە.
منداڵان لە دەرەوەی یاریی دووگۆڵی دەکەن و پاسکیل لێدەخوڕن؛ پێدەچێت ئاگاداری مەترسییەکە نەبن.
کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، ئەوان هەرگیز کێڵگەی رومەیلەیان بەڕێوەنەبردووە و لە بەرامبەر حەقدەستێک، "خزمەتگوزاری تەکنیکی" بۆ کێڵگەکە دابیندەکات، کە لە شێوەی نەوتی خاودا وەریدەگرێت.
کۆمپانیاکە هەروەها نیگەرانیی خۆی لەسەر گیانلەدەستدانی عەلی بەهۆی شێرپەنجەوە دەربڕیوە و گوتوویەتی، پار "لەگەڵ هاوبەشەکان لە رومەیلە" کاریان کردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکەن.
کۆمپانیای BP ئاماژە بەوە دەکات، سووتاندنی گاز لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا، بە رێژەی زیاتر لە 65٪ کەمبووەتەوە و پلان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر دایبەزێنن.
ساڵی 2022، قەبارەی ئەو گازەی لە عێراق سووتێنرا گەیشتە 18 ملیۆن مەتر سێجا، بەوەش بووە دووەم وڵات لە دوای رووسیا، کە بڕێکی هێندە زۆری گاز بسووتێنێت.
"یارمەتیی هەژاران بدەن"
بەڵام حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە کە سووتاندنی گازەکە کەمبکاتەوە، بە ئومێدی ئەوەی بیگرێتەوە و بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاریبێنێت.
سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئامانجییەتی لە ماوەی سێ تاوەکو پێنج ساڵ، سووتاندنی گازی هاوەڵ نەهێڵێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق پشتیوانیی ژمارەیەک پڕۆژەی کەرتی تەندروستی دەکات. شوباتی ئەمساڵ، وەزارەتی تەندروستی گوتی، لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە رێککەوتووە بۆ ئەوەی ناوەندێکی تەندروستیی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لە پارێزگەکەدا بکەنەوە.
بۆ دابینکردنی چارەسەر بۆ کوڕەکەی، حوسێن ناچار ببوو زێڕ و نێوماڵیی خێزانەکەی بفرۆشێت، قەرزێک لە بانک وەربگرێت و هەندێ پارە لە دۆست و نزیکەکانی قەرز بکات. ئێستا شتێکی ئەوتۆی بۆ نەماوەتەوە.
ئەو دەڵێت، لەم مەینەتییەدا بە تەنیا نییە. ژمارەیەکی زۆری دیکەی خەڵک دەیانەوێت لە رومەیلە دوورکەونەوە، بەڵام دەستیان کورتە و پێیان ناکرێت.
حوسێن بە رووداوی گوت: "من تەنیا لەبەر عەلی ئەمە ناکەم، چونکە دەیان تووشبووی شێرپەنجە هەن، تەنانەت رەنگە سەدان کەس بن و دەیان کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستدابێت، ئەوەش بەهۆی نەبوونی پشکنینی سەرەتایی و سەردانیکردنی دکتۆر. پرسەکە تەنیا پەیوەندیی بە عەلییەوە نییە، بەڵکو بە هەموو ناوچەکەوە هەیە."
رێکخراوی Hausfeld & Co دەڵێت، بەگوێرەی یاسای عێراقی، دەبێت پاڵاوگەکانی نەوت لانیکەم 10 کیلۆمەتر لە ماڵەکان دوور بن، بەڵام رومەیلە بەڵگەیەکە کە تەنیا 5 کیلۆمەتر لەولاوە، گاز دەسووتێنرێت.
حوسێن دەڵێت: "سەرەڕای زەحمەتی و ترس لە نەخۆشی، ئێمە لێرە دەژین."
هەروەها هیواشی خواست کە سکاڵاکەی ئاستی هۆشیاری لە بارەی سووتاندنی گاز بەرزبکاتەوە و کۆمپانیاکان ناچاربکات "یارمەتیی پزیشکیی بێ بەرامبەر بۆ نەخۆشەکان دابینبکەن و یارمەتیی ئەو هەژارانە بدەن، کە ناتوانن بڕۆنە شوێنێکی دیکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ