عێراق
بکوژەکە دەستی کچەکەی گرتووە، کامێراکانی چاودێری دیمەنی کەمێک بەر لە دەستدرێژى و دواتر کوشتنی قوربانییەکەیان تۆمارکردووە
رووداو دیجیتاڵ
رفاندن، دەستدرێژیکردن و کوشتنی منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان لە بەسرە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و پۆلیس دەڵێت "رووداوێکی ناخهەژێنە" و جێگرى یەکەمى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراقیش بە رووداوى راگەیاند: دۆسیەکە لە دادگەى لێکۆڵینەوەی بەسرەیە و لە رێگەى نووسینگەى لیژنەکەیانەوە لە بەسرە چاودێرى کەیسەکە دەکەن".
بکوژەکە دەستی کچەکەی گرتووە، کامێراکانی چاودێری دیمەنی کەمێک بەر لە دەستدرێژى و دواتر کوشتنی قوربانییەکەیان تۆمارکردووە، ئەوە سەرەتاى چیرۆکى ئەو کچە حەوت ساڵانەى پارێزگاى بەسرەیە، کە نزیکەى هەفتەیەکە راى گشتى عێراقى سەرقاڵ کردووە.
رووداوەکە لە 13ـی نیساندا روویداوە، کاتێک کچێکى حەوت ساڵان لە پارێزگاى بەسرە دیارنامێنێت، دواى ماوەیەک کەسوکارەکەى هێزە ئەمنییەکان ئاگادار دەکەنەوە، بێئاگا لەوەى رفێنەرەکەى لەدواى رفاندنى و دەستدرێژیکردنەسەرى، کوشتوویەتى و تەرمەکەی لەنزیک زبڵخانەیەک فڕێ داوە.
19ـی نیسانى 2023 جوان عەبدوڵڵا، جێگرى یەکەمى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئێستا دۆسیەى ئەو کچە لە دادگەى لێکۆڵینەوەی بەسرەیە و لەوێ بڕیار دەدرێت ئاڕاستەى چ دادگایەک بکرێت بۆ دادگاییکردنى و لە رێگەى نووسینگەى لیژنەکەمانەوە لە بەسرە چاودێرى کەیسەکە دەکەین.
جێگرى یەکەمى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق گوتیشى "لەیەک کاتدا تۆمەتبارەکە تاوانەکانى رفاندن، دەستدرێژى و کوشتنى کردووە، ئەوە جگە لەوەى کچەکەش حەوت ساڵانە کە سزاکەى قورستر دەکات".
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى پۆلیسی بەسرە لەبارەى رووداوەکەوە کە 14ى نیسان و رۆژێک لەدواى ئەو رووداوە دەریکردووە، دیمەنى بکوژى کچەکەى بڵاوکردووەتەوە لەدوای دەستگیرکردنى و دەڵێت "تاوانى ئەو تاوانبارە ناخهەژێنە".
عەلى شیاع، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو شوێنەى رووداوەکە تێیدا روویداوە، ئەو ناوچانەن کە زیادەڕۆن و زۆرینەى دانیشتووانەکەیان خەڵکى پارێزگاى بەسرە نین. گوتیشى "تاوانبارەکە خەڵکى دەرەوەى بەسرەیە و پێشتر لەسەر تاوانێکى دیکە سزادراوە و بە لێبوردنى گشتى ئازاد کراوە".
ئەو رووداوە لەنێو پارێزگاى بەسرە و عێراقیش کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە، هەندێک داوا دەکەن تۆمەتبارەکە سزاى تووند بدرێت و هەندێکى دیکەش بەگرنگى دەزانن رێکارى یاسایی تووندتر دەربکرێت بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى روووداوى لەوجۆرە.
17ـی نیسانى 2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوایکرد کە رێکارى یاسایی تووند هەبێت بەرامبەر بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵەکە بۆ رێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانی هاوشێوە.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، لەساڵى 2021ـەوە پرۆژەیاساى پاراستنى منداڵ لە پەرلەمانى عێراقە، بەبێ ئەوەى پەسەند کرابێت.
جێگرى یەکەمى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤى عێراق رایگەیاند، پەسندکردنى پڕۆژەیاساى پاراستنى منداڵ، رۆڵى دەبێت لە پاراستنى منداڵان و کەمکردنەوەى ئەو جۆرە تاوانانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ