رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هێزەکانی عێراق توانیویانە بە هێرشی ئاسمانی سەرکردەیەکی باڵا و سێ چەکداری داعش بکوژن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری، لەو هێرشانەدا یارمەتیی هێزە عێراقییەکانی داوە.
سێنتکۆم دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە 14ی تشرینی یەکەم، بە هێرشی ئاسمانیی ورد لە باکووری رۆژهەڵاتی عێراق چوار ئەندامی رێکخراوی تیرۆرستیی داعشیان کوشت، لەنێویاندا سەرکردەیەکی باڵا."
هێزە ئەمریکییەکە هەروەها دەڵێت، "ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە بە سەرکردایەتیی عێراق کران، ئامانجیان پەکخستن و لاوازکردنی تۆڕی هێرشەکانی داعش بوو لە عێراق و بە پشتیوانیی تەکنیکی و هەواڵگریی هێزەکانی هاوپەیمانان کران."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو سەرکردەیەی کوژراوە، شەحادە عەلاوی ساڵح عولیاوی باجاری، ناسراو بە ئەبو عیسایە، باڵاترین سەرکردەی داعش بووە لە باکووری عێراق.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بە فڕۆکەی جەنگیی F16، لە 14ی تشرینی یەکەم لە کەرکووک، چوار ئەندامی داعشیان کوشتووە، کە یەکێکیان "سەرکردەیەکی گرنگە."
ئەو هێرشە ئاسمانییانە دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و عێراق لە کۆتایی مانگی ئاب لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا 14 ئەندامی داعشیان کوشت، کە چواریان سەرکردە بوون.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، ئەمریکا 2500 سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و 900ی دیکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە.
واشنتن و بەغدا رێککەوتوون ساڵێکی دیکە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتییەکە بهێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ