رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، قۆناخ بە قۆناخ کۆتایی بە یارمەتییەکانی بۆ عێراق دێنێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ باشبوونی دۆخی عێراق.
ئەو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، ئاژانسی سوێدی بۆ هاوئاهەنگیی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، ناسراو بە (سیدا) و ئاژانسی فۆلکە بێرنادۆت ئەکادیمی، کە هەردووکیان لە بواری گەشەپێدان لە عێراق کاریاندەکرد، راسپێردراون کە قۆناخ بە قۆناخ کارەکانیان لە عێراق رابگرن بۆ ئەوەی تا 30ی حوزەیرانی ساڵی 2025، بە تەواوی کارەکانیان بوەستێت.
یوهان فۆرشێل، وەزیری هاوئاهەنگیی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی سوێد، لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: " بارودۆخ گۆڕاوە و ئێستا عێراق وڵاتێکی داهات مامناوەندە و بەشی پێویست سەرچاوەی هەیە تاوەکو چاودێریی دانیشتووانی بکات".
وەزیرەکە هەروەها دەڵێت، بڕیارەکە "دەرفەتێکە بۆ فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە رێگەی پێکەوەکارکردن لە بوارەکانی دیکەی وەک بازرگانی، ژینگە و کۆچبەران".
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، سوێد سێ ملیار کرۆر کە دەکاتە 284 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لە پڕژەکانی گەشەپێدانی عێراقدا خەرجکردووە.
هاوینی پار، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوێد گرژییان تێکەوت، ئەوەش دوای ئەوەی کە لە سوێد لە ژێر چاودێریی پۆلیسدا، بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرا.
خۆپێشاندەرانی عێراقی، لە بەرامبەر ئەوەدا، تەممووزی پار، دوو جار هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا. جاری دووەم ئاگریان تێدا کردەوە. هەروەها عێراق باڵیۆزی سوێدی دەرکرد.
فۆرشێل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، بە گشتی یارمەتیی سوێد بۆ گەشەپێدانی وڵاتان زۆر پەرش بووە چونکە بەسەر 100 وڵاتدا دابەش بووە.
فۆرشێل بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، "کاتێک یارمەتییەکە لە یەک کاتدا بەسەر ئەم هەموو وڵاتانەدا پەرش دەبێت، کۆنترۆڵکردن و هەڵسەنگاندنی زەحمەتتر دەبێت. لە داهاتوودا لە ژمارەیەکی کەمتری وڵاتاندا کار دەکەین و لەو وڵاتانەی دەمێنێنەوە کارەکانمان فراوان دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ