رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە خورماتوو 15 هەزار و 700 گەنج، بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تەنیا 13 هەزاریان کارتی دەنگدانیانه وەرگرتووەتەوە.
عەبدولڕەحمان ئەحمەد، یەکێکە لەو گەنجانەی کارتەکەی وەرگرتووەتەوە و پیشەی دووکاندارە، ئەو دەڵێت، "وەڵاهی من زۆر دڵخۆشم کە یەکەم ساڵمە و دەنگدەدەم، دەنگیشم بۆ کاندیدی کوردەکانە، هیوادارم لە بیرمان نەکەن".
سێ بەربژێری پارتی، یەکێتی و شیوعی هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەدەن، بەڵام ئەوانیش لەگەڵ لیستە عێراقییەکان هاوپەویمانییان پێکهێناوە و کەمترین بانگەشەیان بۆ کراوە.
عەلی عاسی، دووکاندارێکی دیکەی خورماتووە و دەڵێت، "من ئێستا سێ گەنج چوار گەنجم هەن تائێستا لە ماڵەوەن، هەژارن، لە غەسل ئیش دەکەن، تائێستا یەکێکیان دانەمەزراوە، ئێ ئەوە مانای نییە، کابرا دڵی لە دەنگدان سارد دەبێتەوە".
مەریوان هاشم سەرتاشە لە خورماتوو، ئەو باس لەوە دەکات، "من خۆم کارتم هێناوەتەوە، بەڵام گەنج بێزار بووە لەمانە، هەر ئەو رووخسارەیە، ئەیشیگۆڕی هەر ئەو رووخسارەیە، یانی هیچ جیاوازی ناکات، لەبەرئەوەیە خەڵک کارت [ـی دەنگدان] ناهێنێتەوە".
لە پارێزگای دیالەش، پارتی، یەکێتی و سۆشیالیست بە لیستی جیاواز هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگەکانی خانەقین، گوڵاڵە، سەعدیە، قەرەتەپە و مەندەلی دەدەن.
ئیسماعیل ئیبراهیم فەرمانبەرە لە خانەقین و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم نەوە نوێیە زوڵمی سەدام و گواستنەوەیان نەبینیوە، نازانن چییە، من رێزم هەیە بۆیان، هەقی خۆشیانە دەنگ نەدەن نازانن پێشتر چی بووە".
ئەکرەم کەریم فەرمانبەرە لە خانەقین و دەڵێت، "من کچێکم هەیە 20 ساڵ خوێندوویەتی و لە کۆلێژی خانەقینە، لەبەرئەوەی زانکۆکەی دانپێدانراو نییە دانەمەزراوە، ئیتر بۆچی کارتی دەنگدانەکەی بهێنێتەوە کە 20 ساڵی فەوتاوە؟".
دوای 10 ساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەکاتێكدا بەڕێوەدەچێت کە لایەنە کوردستانییەکان پەرتەوازەتر لە جاران هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ