لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی بۆردوومانەکانی توركیا ده‌كات

15-04-2020
هێمن عەساف
نیشانەکردن پەکەکە تورکیا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

سەرۆکی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی فڕۆكه‌كانی توركیا له‌ هەندێک ناوچەی باشووری كوردستان ده‌كات و دەڵێ "بۆردوومانەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووان".
 
شێركۆ میروه‌یس، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ،‌ "ئێواره‌ی دوێنێ، به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی توركیاوە بۆردوومان كران، كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی ترس و دڵه‌ڕاوكێی زۆری دانیشتووان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌".
 
سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمه‌ له‌كاتێكدا له‌نێو بێده‌نگییه‌كی سه‌یری حكومی و راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشه‌ سه‌ربازییانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین، داوا لە هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین رۆڵ بگێڕن بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی ئاشتییانە ‌ بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ده‌ستدرێژییانه‌، به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌ی كه‌ هه‌موو جیهان به‌ده‌ست دۆخێكی ناهه‌موار له‌ ئه‌نجامی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ناڵێنێت".
 
شێرکۆ میروەیس ئەوەی خستووەتەڕوو "پێویست به‌وه ‌ده‌كات هه‌وڵه‌كان به ‌هاوئاهه‌نگیی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چڕبكرێنه‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م په‌تا مه‌ترسیداره‌ بۆسه‌ر مرۆڤایه‌تی".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، فڕۆکەکانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسان بنکەیەکی گەریلاکانی پەکەکەیان لە مەخموور بۆردوومان کرد و بەپێی زانیارییەکانی رووداو سێ کوژراون و بریندار بوون.
  
بۆردوومانی مەخموور لەکاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش فڕۆکەکانی تورکیا بۆ جاری دووەم لە 12 کاژێری رابردوودا زینی وەرتێیان بۆردوومان کرد، پەیامنێری رووداویش رایگەیاند، تورکیا بارەگا نوێکەی پەکەکەی لە زینی وەرتێ خاپوور کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە