تورکیا و هەپەگە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

23-06-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن پەکەکە تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ناسنامه‌ی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئاشكرا ده‌كات كه‌ لەمیانی شه‌ڕ و پێكدادان له‌گەڵ سوپای تورکیا له‌ هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. گەریلایەکیان تورک و خەڵکی پارێزگای ئۆودوی دەریای رەش بووە؛ گەریلایەکی دیکەیان هاووڵاتیی ئەڵمانی بووە و گەریلای سێیەمیش هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە.  
 
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ناسنامەی ئەو گەریلانەی بڵاوکردەوە کە لە رۆژی 15ی حوزەیرانی 2023 لە خواکوڕک لەمیانی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان بەمشێوەیەیە؛ قەدریە تەتیک ناسراو بە ئاسیا کانیڕەش لەدایکبووی ئۆردو؛ تۆماس جۆهان سپیس ناسراو بە ئازاد شەڕکەر لەدایکبووی مەینبۆرگی ئەڵمانیا و دیاکۆ سەعیدی ناسراو بە کۆچەر مادیا لەدایکبووی سنە.  
 
رۆژی 17ی حوزەیرانی 2023، ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی - هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی 18 سەربازی هێزەکانی تورکیای لە ناوچەی خواکوڕک راگەیاند.

 

 
بەپێی راگەیێندراوەکە، رۆژی 15ی حوزەیران گەریلاکان بۆسەیەکیان لە ناوچەی خواکوڕک بۆ کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا دانابوو؛ لە ئەنجامدا زریپۆشێکیان تەقاندەوە و دواتر بۆ ماوەی 15 خولەکی بەردەوام رووبەڕووبوونەوە روویدا و 18 سەربازی تورکیا کوژران. 
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا هەپەگە دەڵێت، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا دوو گەریلا گیانیان لەدەستدا و گەریلایەکی دیکەش برینداربوو؛ دوای گواستنەوەی بریندارەکە بۆ ناوچەیەکی ئارام و سەرباری هەموو هەوڵەکان، ئەویش گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی 15ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 6 گەریلای لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، گەریلاکان لە ناوچەی مەتین و خواکوڕک کراونەتە ئامانج؛هەروەها کوژرانی چوار سەربازی بڵاوکردەوە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 560 گەریلا و کوژرانی 88 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 929 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 337 گەریلای راگەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نمایشێکی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.