رێوشوێنەکانی پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان چین؟

14-03-2023
هێمن بابان رەحیم
بودجەی 2023ـی عێراق، گەورەترینی دوای بودجەی ساڵی 2003ـیە
بودجەی 2023ـی عێراق، گەورەترینی دوای بودجەی ساڵی 2003ـیە
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ


ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی پەسند کرد، دواتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە 12.06%ـە. پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە رێوشوێنی دیکەی ماوە تاوەکو لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆدەکرێت و جێبەجێ دەکرێت.
 
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوەیەکی پێنج کاژێریی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دووشەممە، 13-3-2023 وردەکاریی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی خستەڕوو، کە بۆ ماوەی سێ ساڵە.
 
بودجەکە گەورەترینی دوای ساڵی 2003ـیە، هەر دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەوانەی پەرلەمان کرا.
 
دارا سێکانییانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر گرفت دروست نەبێت، لە ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێك، بودجەکە پەسند دەکرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بودجەی ئەمساڵی عێراق بەپێی رەشنووسی یاساکەی 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە، بودجەی بەکارخستن زیاتر لە 150 تریلیۆن دینارە، بودجەی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 47 تریلیۆن و نیوە، کورتهێنانی بودجەش زیاتر لە 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە. پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکەدا 12.6% دەبێت، کە دەکاتە زیاتر لە 24 ترلیۆن دینار. 
 
لە رەشنووسەکەدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و بڕی هەناردەکراویش لە نەوت لە رۆژێکدا 3 ملیۆن و 500 ملیۆن بەرمیل دەبێت، کە 400 هەزار بەرملی لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی گوتی "سوپاس بۆ خوا رێکكەوتنێکی گشتگیرمان لەبارەی ئەو پرسانە کرد، کە کێشەی هەڵپەسێردراون لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەو لێکتێگەیشتنە لەبارەی زۆرینەی ئەو ماددانە کرا، کە پەیوەندییان بە بودجەوە هەیە، لە هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت و شێوازی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی. بۆ یەکەمجارە دەگەینە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە لەیەک هەژماری بانکی هەڵبگیرێت." 
 
بەپێی رێوشوێنە یاساییەکان، دوای گەیشتنی، لە دانیشتنێکی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم بۆ رەشنووسی بودجە دەکرێت، دواتر لیژنەی دارایی راپۆرتێک لە تێبینی و پێشنیازەکانی ئەندامانی و ئەندامانی لیژنەکانی دیکە ئامادەدەکات، دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەنگ لەسەر پەسندکردنی دەدرێت.
 
دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان، سەرۆککۆمار واژۆی دەکات و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە و جێبەجێ دەکرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.