رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگەی کەرخ بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بازرگانێکی بیانیی مادەی هۆشبەر دەرکرد، ئەوەش بەهۆی هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ نێو عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایار، بە پشتبەستن بە مادەی 27 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، ژمارە 50 بۆ ساڵی 2017، دادگەی تاوانەکانی کەرخ فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ بازرگانێکی بیانیی مادەی هۆشبەر دەرکرد.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا لەدوای دانپێدانان و لێکۆڵینەوەی تەواو بوو لەسەر تاوانبار، کە بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەری هێناوەتە نێو عێراق، دواتر بازرگانیی پێوە کردووە و بە ژمارەیەک کەسی فرۆشتووە."
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عێراق لەنێو وڵاتانی جیهان لە پلەی 32دا دێت، کە مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاوبووەتەوە و وەکو رێڕەوێک بەکاردەهێندرێت بۆ گەیاندنی بە وڵاتانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ