رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، بە سێ قۆناخ قەدەخەی راوەماسییان راگەیاندووە، کە لە 15ـی شوباتەوە دەستپێدەکات و لە یەکی تەممووز کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ شەممە، 5ـی نیسانی 2025، مەهدی جبووری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە سێ قۆناخی جیاواز بڕیاری قەدەخەکردنی راوەماسیمان دەرکردووە، ئەوەش لە پێناو پاراستنی سامانی ماسییە لە وڵاتەکەماندا، بەتایبەتی کە ئێستا وەرزی زاوزێی ماسییەکان دەستیپێکردووە."
بە گوتەی بریکاری وەزیری کشتوکاڵی عێراق، قۆناخەکانی قەدەخەی راوەماسی بەم جۆرەیە:
- پارێزگاکانی باشوور؛ لە 15ـی شوبات تاوەکو 15ـی نیسان
- پارێزگاکانی نێوەڕاست؛ 15ـی شوبات تاوەکو یەکی ئادار
- ناوچەکانی کەرکووک و نەینەوا؛ لە 15ـی شوبات بۆ یەکی تەممووز
مەهدی جبووری گوتیشی، "بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی ژینگە، چاودێری قۆناخەکانی قەدەخەی راوەماسی دەکرێت و رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."
بەپێی مادەی 48ـی ساڵی 1947، هەر کەسێک لە کاتی قەدەخەدا راوەماسی بکات، سزا دەدرێت. سزاکەش لە پێبژاردنەوە دەست پێدەکات تاوەکو 7 ساڵ زیندانی کردن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستاندا، لە 20ـی ئادارەوە تاوەکو 20-6-2025 قەدەخەی راوەماسی راگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ